Accessibility links

ئەمەریکا 12 مەرج بۆ لابردنی سزاکانی سەر ئێران دادەنێت


ئەمەریکا 12 مەرجی سەرەکی بۆ ئێران داناوە بۆ لابردنی سزاکانی سەری و دەسـتپـێکردنەوەی پەیوەندی دیـپـلۆماسی و بازرگانیـیەکان لەگەڵیدا و هەروەها بوژاندنەوەی ئابوریـیەکەی.

مایک پەمپـێو وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەمڕۆ لە وتارێکدا سیاسەتی نوێی واشنتنی بەرامبەر ئێران خستە ڕوو و گوتی ئەو وڵاتە بووەتە مایەی ناسەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەگەر واز لە سیاسەتە دوژمنکاریـیەکانی نەهێنێت، ئەوا قورسترین سزای بەسەردا دەسەپـێنرێت.

گوتیشی چیتر واشنتن لە بارەی ڕێکەوتنی ناوکی وتووێژ ناکات، بەڵکو کۆمەڵێک داواکاری هەن کە دەبێت ئێران جێبەجێان بکات تاوەکو ئەمەریکا لە بەرامبەریدا هەڵوێستی بگۆڕێت. داواکاریـیەکانیش:
یەکەم: دەبێت ئێران تەواوی ڕەهەندە لەشکریـیەکانی سیستەمی ناوکی خۆی ئاشکرابکات و بەردەوام ڕێگە بە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بدات پـشکنین بکات.

دووەم: پـیتاندنی یۆرانیۆم ڕابگرێت و هەوڵ نەدات کار لەسەر پـلۆتۆنیۆم بکات و ڕیاکتەری ناوکی دابخات ئەوەی بە ئاوی قورس کاردەکات.

سێـیەم: مۆڵەتی بێ سنوور بە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بدات لەوەی دەستی بگات بە هەموو دەزگا ناوکیـیەکان، بە لەشکری و نا لەشکریشەوە.

چوارم: سنوورێک دابنێت بۆ بڵاوکردنەوەی موشەکی بالیستی و هەڵدانی ئەو موشەکانەی دەکرێت کڵاوەی ناوکیان لێببەسترێن.

پـێنجەم: ئازادکردنی هاوڵاتیانی ئەمەریکایی و هەموو هاوڵاتیانی وڵاتانی هاوپەیمان.

شەشەم: سنوورێک دابنێت بۆ پـشتیوانیکردن لە گروپە تێرۆرستیـیەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، وەکو حزبوڵڵا و بزوتنەوەی حەماس و جیهادی ئیسلامی.

حەوتەم: ڕێز لە حکومەتی عێراق بگرێت و ڕێگەبدات چەکداماڵینی ملیشیا شیعەکان بکرێت.

هەشتەم: سنوورێک بۆ پشتیوانیکردنی حوثیـیەکان دابنێت و کاربکات بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی لە یەمەن.

نۆیەم: کشانەوە لە سوریا و کشانەوەی فەرماندەکانی لەوێ.

دەیەم: دانانی سنوورێک بۆ پـشتیوانیکردنی لە تاڵیبان و قاعیدە و ڕێکخراوی دیکەی تێرۆرستی لە ئەفغانستان.

یازدەهەم: دانانی سنوورێک بۆ پشتیوانیکردن لە فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، ئەوەی پشتیوانی لە تێرۆرستان دەکات لە جیهاندا.

دوازدەهەم: دانانی سنوورێک بۆ ئەو ڕەفتارانەی جێی هەڕەشەن بۆ سەر دراوسێـیەکانی کە زۆربەیان هاوپەیمانی ئەمەریکان، ئەمەش مەسەلەی هەڕەشەی وێرانکردنی ئیسرائیل و لەناوبردنی دەگرێتەوە وە هەروەها هەڵدانی موشەک بۆ سەر سعودیـیە و ئیمارات و هەڕەشەکردن لە هاتوچۆی دەریایی و هێرشی ئەلیکترۆنی.

XS
SM
MD
LG