Accessibility links

ئەمەریکا سزای نوێ بەسەر ئێراندا دەسەپـێنێت و دەڵێت ئەو ڕۆژانە بەسەرچوون چاوپـۆشی لێبکرێت


ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئەمڕۆ هەینی سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک لە بەرامبەر تاقیکردنەوە موشەکیـیەکەی یەکشەممەی ڕابردوو.

وەزارەتی دارایی ئەمەریکا لە ڕاگەیاندنێـکدا لەسەر ماڵپەڕی خۆی نووسیویەتی 13 کەس و 12 دەزگا و کۆمپانیا سزایان بەسەردا سەپـێندراوە، بە هۆی بەشدارن لە کڕینی ئامێر و کەرەستەی تەکنەلۆجی بۆ بەرنامەی موشەکی بالیستی ئێران و پـشتیوانیکردن لە سوپای پاسداران.

وەزارەتەکە دەشڵێت ئەم هەنگاوە نیشانی دەدات ئەمەریکا پابەندە بە سەپاندنی سزاکانی خۆی بەسەر ئێران لە بەرامبەر پەرەپـێدانی بەرنامەی موشەکی بالیستی و هەر کردارێـکی دیکەی ببنە مایەی ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا.

لە لایەکی دیکە مایکڵ فڵن ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سـپی گوتی ڕۆژانی چاوپـۆشیکردن لە کارە دوژمنکاریـیەکانی ئێران بەسەرچوون.

هاوکات شان سـپایسەر گوتەبێژی کۆشـکی سـپی لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی ئەمڕۆیدا گوتی ئەمەریکا لە ئایندەدا ئەگەر پـێویست بکات، ئەوا بڕیاری سزای زیاتر لە دژی ئێران دەدات.

گوتیشی ئەم سزایانەی ئەمڕۆ سەپێندران پـێشتر پـێشنیارکرابوون، بەڵام ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو وەهایان کرد بە پەلە بڕیاریان لەسەر بدرێت. جەختی لەوەش کرد هەتا ئێران لەو ڕەفتارانەی بەردەوامبێت، ئەوا ئەمەریکا لەم هەڵوێستە توندەی بەردەوام دەبێت.

XS
SM
MD
LG