Accessibility links

شانەهان: ئەگەری هێرشکردنە سەر ئەمەریکیەکانمان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاگرت


وەزیری بەرگری ئەمەریکا بە وەکالەت پاتریک شانەهان
وەزیری بەرگری ئەمەریکا بە وەکالەت پاتریک شانەهان

وەزیری بەرگری ئەمەریکا بە وەکالەت پاتریک شانەهان وتی ئەو هەڕەشەیەی ئێران لەسەر ناوچەکە هەیەتی هێشتا زۆرە بەڵام ئەو ڕێوشوێنانەی ئەمەریکا گرتییەبەر ئەگەری هێرشکردنە سەر ئەمەریکییەکانی ڕاگرت.

بەڵام شانەهان ڕوونی نەکردەوە بەدیاریکراوی مەبەستی چیە و بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریش ڕوونیان نەکردەوە کە ئایا هەڕەشەکانی ئێران ماون یان نا.

شانەهان بە ڕۆژنامەنووسانی وت " هیچ هێرشێک نەکراوەتە سەر ئەمەریکییەکان. من ئەوە بە ڕاگرتن دەزانم."

وتیشی " ئەمە مانای ئەوە نیە ئەو هەڕەشانەی پێشتر دیاریکراون کۆتاییان پێهاتووە، پێمان وایە وەڵامدانەوەی ژیرانەی ئێمە کاتێکی داوە بە ئێران تاوەکو بە حسابەکانیاندا بچنەوە."

جێی ئاماژەیە لەم مانگەدا ئەمەریکا کۆمەڵێک کەشتی فڕۆکە هەڵگر و فڕۆکەی بۆمب هاوێژ و موشەکی پاتریۆتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاوکردەوە وەکو وەڵامدانەوەیەک بۆ هەڕەشەکانی ئێران.

دوای ئەوەی ئەمەریکا سزاکانی سەر ئێرانی توندترکردەوە، لەم هەفتانەی دواییدا گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن زیادیانکرد و ئەوەش وایکرد ئێران هەندێک لە بەرپرسیارێتیەکانی لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەدا کەم بکاتەوە.

شانەهان ڕۆژی سێشەممە وتی " تەنها هیوادارم ئێران گوێ بگرێت. ئێمە لە ناوچەکەداین بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ زۆر شتدا بەڵام نەک بۆ شەڕکردن لەگەڵ ئێراندا."

وتیشی " دەمەوێت بڵێم ئێمە لە ماوەیەکداین کە هێشتا هەڕەشەکان زۆرن و ئەرکی ئێمە ئەوەیە دڵنیا ببینەوە لەوەی هەڵسەنگاندنی هەڵە لەلایەن ئێرانەوە ڕوونەدات."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG