Accessibility links

ئێران: هێشتا هیچ بڕیارێک نەدراوە لەسەر ئەنجامدانی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریکادا


وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت وڵاتەکەی ئامادەیە بیر لە ئەنجامدانی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ بکاتەوە لەگەڵ ئەمەریکادا، لەکاتێکدا ئەگەر هەست بکات گفتوگۆکان ئەنجامێکی باشیان لێدەکەوێتەوە، وتیشی تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک لەوبارەیەوە نەدراوە.

دوو مانگ لەمەوبەر گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران سەبارەت بە دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2015 ی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان دەستیپێکردەوە.

دیبلۆماتکارانی وڵاتانی ڕۆژئاوا دەڵێن هیوادارن لە هەفتەکانی داهاتوودا ئەنجامێکیان دەست بکەوێت، بەڵام جیاوازیی لە بۆچوونەکاندا هێشتا ماون.

ئێران ڕەتی دەکاتەوە ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکادا کۆببێتەوە، بەمەش وڵاتانی دیکەی بەشدار لە ڕێکەوتنەکەدا کە هەریەک لە بەڕیتانیا و فەڕەنسا و چین و ئەڵمانیا و ڕووسیا دەگرێتەوە، دەبێت نێوەندگری لەنێوان ئەمەریکا و ئێراندا بکەن.

وەزیری دەرەوەی ئێران حوسەین ئەمیرئەبدوڵاهیان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە تاران وتی " ئەو هەواڵانەی کە گوایە ئێران و ئەمەریکا ڕاستەوخۆ گفتوگۆ دەکەن ڕاست نین. بەڵام ئەگەر بگەینە قۆناغێک کە تیایدا گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی باش پێویستی بە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ بێت لەگەڵ ئەمەریکادا و بە گرەنتییەوە بێت، ئەوا بیری لێدەکەینەوە."

ساڵی ڕابردوو ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی قەدەغەی کرد لەسەر بەرپرسانی ئێران گفتوگۆ لەگەڵ ئەمەریکادا بکەن.

سەرچاوەیەکی دیبلۆماتی ڕۆژئاوا وتی تیمی دانوستکارانی ئێران دوایین جار کە گەڕاونەتەوە بۆ تاران بۆ تاوتوێکردنی بابەتەکان، باسیان لە بابەتی ئەنجامدانی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ کردووە لەگەڵ ئەمەریکادا.

سەرچاوەکە وتی هێشتا ڕوون نیە ئایەتوڵا ڕەزامەندی دەربڕیوە یاخود نا، بەڵام دانوستکارانی ئێران هەستیان بەوە کردووە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەم قۆناغەدا وتوێژەکان ئاسان دەکات.

نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئێران ڕۆبەرت ماڵی بە ڕۆیتەرزی وت " هیچ شتێکمان لەوبارەیەوە نەبیستووە، پێشوازی لێدەکەین."
لە ماوەی ڕابردوودا ئێران هەر مەرجێکی پێشوەختی ئەمەریکای بۆ دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2015 ڕەت کردەوە، لەوانەش ئازادکردنی ئەو هاوڵاتیە ئەمەریکیانەی کە لە ئێران زیندانی کراون.

ڕۆژی یەکشەممە ماڵی وتی پێناچێت ئەمەریکا لەگەڵ ئێراندا ڕێبکەوێت هەتاوەکو ئەو چوار هاوڵاتیە ئەمەریکییە ئازاد نەکات کە لە ئێران دەستگیرکراون.

ڕۆژی دووشەممە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەعید خەتیبزادە وتی " ئێران هەرگیز مەرجی پێشوەختی قبوڵ نەکردووە. لێدوانەکانی بەرپرسەکەی ئەمەریکا بۆ ئازادکردنی زیندانیەکانی ئەمەریکا لە ئێران بۆ بەرژەوەندیی ناوخۆییە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG