ئەمەریکا و ئێران ڕەشبینی خۆیان سەبارەت بە دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2015 ی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان دەربڕی، واشنتن دەڵێت هۆکاری کەمی هەیە بۆ گەشبینی و ئێرانیش گومانی لە سووربوونی ئەمەریکا و ئەوروپا هەیە بۆ دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنەکە.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لە ستۆکهۆڵم بە ڕۆژنامەنووسانی وت " دەبێت پێتان بڵێم کردار و گوفتارەکانی ئەمدواییانە هۆکاری زۆرمان نادەنێ بۆ گەشبین بوون." ئاماژەشی بەوەدا لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەزانێت کە ئایا ئێران بە نیازێکی باشەوە گفتوگۆ دەکات یاخود نا.
لێدوانەکانی بلینکن دوای ئەوە هات تاران داوای لە ئەوروپییەکان کرد سزاکان لەسەر ئێران لاببەن و پابەندی بەرپرسیارێتیەکانیان بن لە ڕێکەوتنەکەدا.
دەزگایەکی ڕاگەیاندنی ئێران لە زاری وەزیری دەرەوەی ئێران حوسەین ئەمیرابوڵاهیانەوە بڵاویکردەوە " بە سووربوونێکی جددییەوە چووینە ڤییەنا، بەڵام گەشبین نین سەبارەت بە خواست و نیازی ئەمەریکا و لایەنە ئەوروپییەکانی بەشدار لە ڕێکەوتنەکەدا."
لەکاتێکدا بلینکن وتی " هێشتا کات بەسەر نەچووە بۆ ئەوەی ئێران ئاڕاستەکەی بگۆڕێت و بەشێوەیەکی مانادار بەشداری گفتوگۆکان بکات "، وادەردەکەوێت هەردوولا بیانەوێت خۆیان بەدوور بگرن لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی ئەگەری شکستهێنانی گفتوگۆکان.
چووار ڕۆژە گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران دەستیانپێکردۆتەوە کە ئامانج لێی ئەوەیە هەردوو وڵاتەکە بگەڕێنەوە سەر ڕێکەوتنەکە.
لە ساڵی 2018 دا سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ڕێکەوتنەکە کشایەوە و سەرجەم سزاکانی سەپاندەوە بەسەر تاراندا، لەلای خۆشیەوە ئێران کۆمەڵێک لە بەرپرسیارێتیە سەرەکییەکانی لە ڕێکەوتنەکەدا پێشێل کردووە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز