Accessibility links

بلینکن: ئەگەر ئێران ئاڕاستەکەی نەگۆڕێت ئەوا ئێمە ئامادەین بیر لە بژاردەی دیکە بکەینەوە


بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا دەڵێن هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەی تاران بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ڕێکەوتنە ناوەکییەکە لە مەترسیدایە، ئەمەش ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی ناچار دەکات بیر لە بژاردە نا دیبلۆماتیەکان بکەنەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەڕەشەکانی ئێراندا.

بۆ ماوەی چەند مانگێک ئەمەریکا و زلهێزەکانی جیهان هەوڵیاندا ڕێکەوتنە ناوەکیەکەی ساڵی 2015 ی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان زیندوو بکەنەوە، ئەوەش لەڕێی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانەوە لە ڤییەنا. بەڵام گفتوگۆکان بە چەق بەستوویی ماونەتەوە، ئێستاش بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا دەڵێن کاتەکە خەریکە بەسەردەچێت.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ هاوتا ئیسڕائیلی و ئیماڕاتیەکەی لە واشنتن بە ڕۆژنامەنووسانی وت " لەگەڵ تێپەڕبوونی هەر ڕۆژێک و ڕەت کردنەوەی ئێران بۆ گفتوگۆکردن بە نیازێکی پاکەوە، ڕێگەکە کورتر دەبێتەوە."

بلینکن وتی " بەردەوام باوەڕمان وایە دیبلۆماسی باشترین ڕێگەیە بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە، بەڵام دیبلۆماتکاری دوو کەسی دەوێت، نەمانبینیوە ئێران ئامادە بێت ئەوە بکات. ئامادەین بیر لە بژاردەی دیکە بکەینەوە ئەگەر ئێران ئاڕاستەکەی نەگۆڕێت."

کاتێک سەبارەت بەوەی کە ئایا ئێران دەگەڕێتەوە سەر پابەندبوون بە بەرپرسیارێتیەکانیەوە لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەدا، نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئێران ڕۆبەرت ماڵەی وتی " ئێمە واقعین. دەزانین ئەگەرێکی زۆر هەیە ئێران ڕێگەیەکی جیاواز هەڵبژێرێت."

وتی " دەبێت خۆمان بۆ جیهانێک ئامادە بکەین کە تیایدا هیچ کۆتوبەندێک لەسەر بەرنامە ناوەکییەکە ئێران نیە، هەروەها دەبێت بیر لەو بژاردانە بکەینەوە کە پێویستمانە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەوەدا."

لە ساڵی 2018 دا سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ڕێکەوتنە ناوەکیەکەی ئێران کشایەوە و سەرجەم سزاکانی سەپاندەوە بەسەر تاراندا. لەلای خۆشیەوە ئێران کۆمەڵێک لە بەرپرسیارێتیە سەرەکیەکانی لە ڕێکەوتنەکەدا پشتگوێ خست.

بلینکن هۆشداریدایە سەرکردایەتی ئێران و وتی یارییەکی مەترسیدار دەکەن. وتی " ئێمە یەکگرتووین لەوەدا کە نابێت ڕێگە بە ئێران بدرێت ببێتە خاوەنی چەکی ناوەکی. ئامادەین بیر لە بژاردەی دیکە بکەینەوە ئەگەر ئێران ئاڕاستەکەی نەگۆڕێت."

لەلای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل یائیر لاپید وتی ئەو بژاردانەی دیکە ناوەڕۆکی گفتوگۆکانی ڕۆژی چوارشەممە بوون لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەگەڵ بلینکن و وەزیری دەرەوەی ئیماڕات شێخ عەبدوڵا بن زاید ئال نهیان.

لاپید وتی " بە تێپەڕبوونی هەر ڕۆژێک و دواکەوتنی ئێران لە گەڕانەوەی بۆ سەر گفتوگۆکان، ئێران نزیکتر دەبێتەوە لەوەی ببێتە خاوەنی بۆمبی ناوەکی. هەندێک کات دەبێت جیهان دەستی خۆی پیشان بدات تاوەکو ئێران لە دەرەنجامی هەوڵدان بۆ بوون بە وڵاتێکی سەر لێوار تێبگات."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG