Accessibility links

ئەمەریکا سزا بە سەرچەند کۆمپانیا و کەسێکدا دەسەپێنێت کە سەر بە حزبوڵڵای لوبنانن


هاوکات کە سزا نوێیەکانی ئەمەریکا دژ بە ژمارەیەک کۆمپانیا و کەسێکی سەر بە حزبوڵڵا ڕاگەیەنرا،وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گوتی حیزبوڵا لە گەندەڵی و لە خشتەبردنی خەڵکی لوبنان دەستی هەیە.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتووە ئەمەریکا سزای سەپاندووە بەسەر چەند کۆمپانیا و کەسێکدا کە لە لوبنان دەژی.

لە بەیاننامەیەکی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکادا هاتووە، کۆمپانیای ڕاوێژکاریی "ئارەش" و کۆمپانیای بیناسازی "مێعمار" لە لیستی سزاکاندان.ئەمەریکا دەڵێت ئەمانە لەگەڵ گرووپی حزبوڵڵا کە ئێران پشتگیرییان دەکات، پەیوەندییان هەیە.

وەزارەتی خەزێنە دەڵێت حزبوڵا ئەم کۆمپانیایانە بەکاردە‌هێنێت بۆ گواستنەوەی پارە بۆ حسابەکانی خۆیان و دەوڵەمەندکردنی سەرکردەکانی ئەو گروپە.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە کراوە بە وتەی ستیڤن منوچن وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا کە دەڵێت:"کۆمپانیاکانی سەر بە حزبوڵڵا گرێبەستەکانی حکومەت بە دەستدە‌هێننلە ڕێگای سوود وەرگرتنی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییەوە لە ئابوری لوبنان و بەرپرسانی گەندەڵی ئەو وڵاتە."

بەڕێز منوچن دەشڵێت : " ئەمەریکاسوورە لەسەر بە ئامانجگرتنی حزبوڵڵا و لایەنگرانی، چونکە لە کاتێکدا خەڵکی لوبنان بەدەست خراپی ڕەوشی خزمەتگوزاریەوە دەناڵن ، ئەوان واتە حزبوڵڵا و لایەنگرانی لە ڕێگای گەندەڵییەوە،سوود لە سەرچاوەکانی لوبنان دەبینن بۆ دەوڵەمەندکردنی سەرکردەکانیان .

سزاکان هەروەها سوڵتان خەلیفە ئەسەد دەگرێتەوە، ئەوەی وەزارەتی خەزێنە وەک بەرپرسی ئەنجومەنی جێبەجێکاری حێزبوڵڵا ناوی هێناوە.

کاردانەوەی مایک پەمپێـیۆ

مایک پەمپێـیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی سزاکانەوە وتی " سەرکردە سیاسییەکانی لوبنان ماوەیەکی زۆرە خەریکی گەندەڵین و هاوکاتیش بانگەشەی بەرگری لە مافی گەل دەکەن. دەشڵێت " گروپی تیرۆریستی حیزبوڵڵای لوبنان بە پێچەوانەی ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکات، وەک ئەوانی دیکە بەشدارە لەم فێڵ و تەڵەکەیەدا."

بەڕێز پەمپـێیۆ لە بارەی کۆمپانیاکانی "ڕاوێژکاری ئاڕەش" و کۆمپانیای "مێعماری" ەوە وتی ئەو دوو کۆمپانیای سەر بە ئەنجومەنی جێبەجێکاری حیزبوڵڵان و حیزبوڵڵا بەکاری هێناون بۆ شاردنەوەی چالاکییە ئابورییەکانی و خۆلادان لە سزاکانی ئەمەریکا".

ئەو دەشڵێت:" حیزبوڵا بە هاوکاری یوسف فینیانوس وەزیری پێشووی گواستنەوە و گەشەپێدانی لوبنان، حزبوڵڵا هاوکاری کۆمپانیاکانی ئارەش و مێعماری کردووە بۆ بەستنی گرێبەستە ملیۆن دولارییەکانی حکومەت و دواتریش ئەو کۆمپانیانە بەشێک لە پارەکەیان داوە بە ئەنجومەنی جێبەجێکاری حیزبوڵا."

پەمپێـیۆ لە کۆتایی بەیاننامەکەدا دەڵێت کە:"ئەم پلانە، واتە کردەوەی سەرکردە سیاسییەکانی لوبنان بۆ بەستنی گڕێبەستە ئابووڕییەکان لەگەڵ هاوپەێمانانی سیاسی خۆیاندا و لە هەمان کاتیشدا سوود وەرگرتنی خۆیان لەو گرێبەستانە، ڕێک هەمان ئەو گەندەڵییەیە کە گەلی لوبنان دژی هەستاونەتەوە. دەشڵێت "سزاکانی ئەمڕۆ و پێشتریش دەریدەخات کە حیزبوڵا وەک لایەنەکانی دیکە لە سیستەمی گەندەڵی لوبنان سوود دەبینێت.ئەو دەڵێت "خەڵکی لوبنان نزیکەی ساڵێک دەبێت دژی گەندەڵی خۆپیشاندان دەکەن و دوای دەیان ساڵ لە ناکارامەیی سیاسی ، دەیانهەوێت حکومەت پێداویستیە بنەڕەتییەکانیان بۆ دەستنیشان بکات و گەلی لوبنان شایەنی باشترن و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی خواستی ئەوان بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی و سەروەرییەکی بەرپرس."

XS
SM
MD
LG