Accessibility links

کەشتی فڕۆکە هەڵگری یو ئێس ئێس نیمیتز لە کەنداو دەمێنێتەوە


یو ئێس ئێس نیمیتز

ئەمریکا بڕیاری گەڕاندندنەوەی کەشتییەکی فڕۆکە هەڵگری لە ناوچەی کەنداوەوە هەڵوەشاندۆتەوە و پەنتاگۆن دەڵێت بەهۆی "هەڕەشەکانی ئەم دواییەی ئێرانەوە" کەشتی فڕۆکە هەڵگری یو ئێس ئێس نیمیتز لە شوێنی خۆی دەمێنێتەوە.

ئەرکی ئەم کەشتییە لە مانگی 11ی ڕابردووەوە چاودێریکردنی سنورە ئاوییەکانی کەنداو بووە، بەڵام بەپێی ڕاگەیەندراویکی ڕۆژی 31 ی مانگی 12ی کریستۆفەر میڵەر، وەزیری کارگێڕی بەرگری ئەمریکا، فرمان درابوو ئەو کەشتییە ڕاستەوخۆ بگەڕێتەوە بۆ ئەمریکا پاش نزیکەی 10 مانگ لەو بڕیارەی درابوو بۆ ناردنی کەشتییەکە بۆ ئەو ناوچەیەی جیهان.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، لە زاری کاربەدەستانی ئەمریکاوە دەنوسێت "بڕیاری کشانەوەی کەشتییەکە ئاماژەیەک بووە بۆ هەوڵی هێورکردنەوەی ڕەوشەکە و ئاماژەیەکیش بووە بۆ تاران تا خۆی لە قەیران بپارێزێت لەم دوا هەفتانەی سەرۆک ترامپ لە ئۆفیسدا."

هەرچۆنێک بێت، میڵەر ڕۆژی یەکشەممە لە ڕاگەیەندراوێکی نوێیدا گەڕاندنەوەی کەشتییەکەی ڕاگرت و دەڵێت "بەهۆی هەڕەشەکانی ئەم دواییەی ڕێبەرانی ئێران دژی سەرۆک ترامپ و کاربەدەستانی تری حکومەتی ئەمریکا، فرمانم داوە تا کەشتی یو ئێس ئێس نیمیتز لە ئەرکەکەی خۆیدا بمێنێتەوە."

وەزیری کارگێڕی بەرگری ئەمریکا دەڵێت " کەشتی یو ئێس ئێس نیمیتز لە سنوری کردە لەشکرییەکانی سەرکردایەتی ناوەندی ئەمریکادا دەمێنێتەوە و پێویستیش ناکات هیچ لایەنێک بە گومانەوە لە سوربوونی ئەمریکا بڕوانێت."

میڵەر هیچ زانیارییەکی زیاتری نەداوە لەسەر هەڕەشەکانی ئێران.

ئەم ڕاگەیەندراوەی گەورە بەرپرسی پەنتاگۆن، یەک ساڵ دوای کوژرانی ژەنەراڵ قاسم سولەیمانی، سەرکردەی پێشووی هێزەکانی قودسی سەر بە پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانە، کە لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکاییدا کوژرا.

ئەمریکا و ئێران لەوەتای مانگی 6ی ساڵی 2019وە دوو جار گەیشتنە لێواری شەڕ و بەتایبەتیش دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی.

چەند ڕۆژیک دوای کوژرانەکەی سولەیمانی، ئێران ژمارەیەک موشەکی گرتە بنکە سەربازییەکانی عێراق کە سەربازەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی تریشی لێبوون، بەڵام سەرۆک ترامپ بەرسڤی لەشکریانەی بۆ ئەو هێرشانەی ئێران ڕەتکردەوە.

XS
SM
MD
LG