Accessibility links

وڵاتانی کەنداوی عەرەبی و ئەوروپا و ئێران بڕیارەکەی ئەمەریکا سەبارەت بە گۆلان ڕەت دەکەنەوە


بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ سەبارەت بە دان پێدانان بە سەروەری ئیسڕائیلدا لە بەرزاییەکانی گۆلان لەلایەن هاوپەیمانانی واشنتن و وڵاتانی کەنداوی عەرەبی و ئێرانەوە ڕەت کرایەوە.

سعودیە و ئیماڕات و بەحرەین و قەتەڕ و کوەیت ڕەخنەیان لە بڕیارەکەی سەرۆک ترامپ گرت و وتیان گۆلان خاکێکی داگیرکراوی عەرەبە. سعودیە و ئیمارات وتیان بڕیارەکە بەربەست دەخاتە بەردەم ڕێگەی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

لەلای خۆشیەوە ئێران لێدوانی هاوشێوەیدا لەسەر بابەتەکە. دەزگای هەواڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە زاری سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانییەوە بڵاویکردەوە " کەس ناتوانێت بڕوا بەوە بکات کەسێک لە ئەمەریکاوە بێت و خاکێکی نەتەوەیەک بدات بە وڵاتێکی دیکە و هەموو یاسا و بەها نێوەدەوڵەتییەکان پێشێل بکات."

ڕۆژی دووشەممە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لەمیانەی سەردانەکەی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهودا فەرمانێکی واژۆکرد تیایدا بە فەڕمی ئەمەریکا دان دەنێت بە سەروەری ئیسڕائیل بەسەر گۆلاندا.

وڵاتانی ئەوروپی ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا کە فەڕەنسا و بەڕیتانیا و ئەڵمانیا و بەلجیکا و پۆڵەندا دەگرێتەوە وتیان دان نانێن بە سەروەری ئیسڕائیلدا بەسەر خاکێکدا کە لە ساڵی 1967 دا داگیریکردووە بە بەرزاییەکانی گۆلانیشەوە.

وتیان " نیگەرانی خۆمان دەردەبڕین سەبارەت بەو ڕێوشوێنە فراوانانەی گیراونەتەبەر بۆ دان پێدانان بە سەروەرییەکی نایاسایی و هەروەها نیگەرانین لەوەی ئەمە دەرەنجامی خراپی لێبکەوێتەوە لە ناوچەکەدا."

ئیسڕائیل لە جەنگی ساڵی 1967 دا دەستی بەسەر گۆلاندا گرت و لە ساڵی 1981 دا گرتییە خۆی، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانیش لەو کاتەدا وتی ئەوە هەنگاوێکی نایاساییە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG