Accessibility links

ئەمەریکا دەڵێت کۆبوونەوە لە بڕۆکسل سەبارەت بە گفتوگۆکان لەگەڵ ئێراندا پێویست نیە


وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نێد پڕایس وتی ئەمەریکا پێی وانیە ئەنجامدانی کۆبوونەوە لە بڕۆکسل بەر لە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکان لەگەڵ ئێراندا لە ڤییەنا سەبارەت بە دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە، پێویست بێت.

هەفتەی ڕابردوو بەرپرسێکی یەکێتی ئەوروپا وتی ئێران هێشتا ئامادە نیە بگەڕێتەوە سەر گفتوگۆکان سەبارەت بە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنە ناوەکیەکەی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان، بەڵام دەکرێت لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا لە بڕۆکسل تاوتوێی نوسراوەکانی ئەو کاتە بکات کە گفتوگۆکان لە مانگی شەشدا کۆتاییان پێهات.

دوای ئەوەی بە ئەرێنی باس لەوە دەکرا بەمزووانە کۆبوونەوەیەک لە بڕۆکسل ئەنجام دەدرێت، بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لە ڤییەنا، لە ماوەی ڕابردوودا بەرپرسی کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لێدوانەکانی ئێرانی ڕەت کردەوە کە گوایە ڕۆژی پێنجشەممە ئێران لەگەڵ بڕۆکسلدا کۆدەبێتەوە.

پڕایس کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بە ئەگەری ڕوودانی ئەو کۆبوونەوەیە لە بڕۆکسل، بە ڕۆژنامەنووسانی وت " بە ڕوونی دەیڵێم، پێمان وانیە ئەو کۆبوونەوەیە پێویست بێت."

پڕایس وتی " ئەو ئاڕاستەیەی ئێمە هەوڵی بۆ دەدەین لە ڤییەنایە، نەک هەنگاوێکی ناوەندی لە بڕۆکسل." ئاماژەشی بەوەدا ئەمەریکا و هاوپەیمان و هاوبەشەکانی لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەدا ڕێکەوتوون لەسەر ئەوەی " دەبێت بەمزووانە گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکان لە ڤییەنا دەستپێبکەنەوە."

لە ماوەی ڕابردوودا سەرۆکی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی وتی ئێران پشتیوانی لە گفتوگۆکان دەکات لەگەڵ شەش وڵاتە زلهێزەکەدا بەشێوەیەک کە ئەنجامی هەبێت.

ڕەئیسی بە کەناڵی فەڕمی ئێرانی وت" ئێران جددییە سەبارەت بە گفتوگۆیەک کە ئەنجامی هەبێت، ئەگەر ئەمەریکیەکان جددین، ئەوا دەبێت سزاکانی سەر ئێران لاببەن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG