ئەمەریکا و شەش وڵاتی عەرەبی لە کەنداو سزایان سەپاند بەسەر 25 دەزگا و کۆمپانیا و کەس کە کار بۆ کۆمەکی دارایی ئێران و حزبوڵڵای لوبناندا دەکەن.
وەزارەتی خەزێنە ڕایگەیاند ئەم سزایانەی ئەمڕۆ سەپێندراون لەلایەن وڵاتانی بەشدار لە سەنتەری بە ئامانجکردنی سەرچاوەی دارایی تێرۆرزم TFTC، گرنگترین سزان کە هەتا ئێستا لەلایەن ئەو سەنتەرە بڕیاری لەسەر درابێت.
سەنتەری TFTC لە ساڵی 2017 وە بە سەرۆکایەتی سەرۆک ترامپ دامەزراوە و تیایدا ئەمەریکا و سعودیـیە و بەحرەین و ئیمارات و کوەیت و عومان و قەتەر بەشدارن.
سزاکان سەپـێندراون بەسەر ئەو کۆمپانیایانەی کۆمەکی دارایی هێزی بەسیج و سوپای پاسداران دەکەن، ئەو هێزانەی ڕژێمی ئێران بەکاریاندەهێنێت بۆ سەرکوتکردنی ناوخۆ.
بەپـێی ڕاگەیاندنەکە 4 کەس لەوانەی سزاکان دەیانگرێتەوە پەیوەندیـیان بە حزبوڵڵا هەیە و لە عێراقەوە کاری دارایی و سیخوڕیی بۆ بەسیج دەکەن.
ستیفن مەنۆخن وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا کە لە ئێستادا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، گوتی ئەم سزایانەی لەلایەن ئەم شەش وڵاتەوە پەسەندکراون لە دژی تۆڕە دارایـیەکانی ڕژێمی ئێران بەڵگەیەکی بەهێزە بۆ نیشاندانی یەکگرتوویی وڵاتانی کەنداو.