ڕۆژنامه‌ی نیویۆرک تایمز له زاری کاربه‌ده‌ستێکی ئه‌مه‌ریکایـیه‌وه که ناوی ئاشکرا نه‌کرد ڕایگه‌یاندووه واشنتن په‌یامێکی بۆ ڕێبه‌ری باڵای ئێران ئایه‌توڵڵا خامه‌نه‌یی ناردووه، که تیایدا هاتووه داخستنی ته‌نگه‌ی هورمز ده‌بێته مایه‌ی توڕه‌کردنی ئه‌مه‌ریکا.
له‌و ڕاپۆرته‌ی که له دره‌نگانێکی ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌دا ڕاگه‌یه‌ندراوه هاتووه که ئه‌و په‌یامه به ڕێگای حکومه‌تی سویسراوه نه‌نێردراوه که به شێوه‌یه‌کی گشتی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان کاربه‌ده‌ستانی ئه‌مه‌ریکا و ئێران به ڕێگای ئه‌وانه‌وه ده‌کرێت.
له‌م دوواییانه ئێران هه‌ڕه‌شه‌ی داخستنی ته‌نگه‌ی هورمزی کردووه، که ڕێگایه‌کی سه‌ره‌کییه بۆ که‌شتییه‌کانی بازرگانی نه‌وتی جیهانی.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا هێله‌ری کلنتن له سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه ڕایگه‌یاند ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه زۆر مه‌ترسیداره.
شایانی باسه گرژی و ئاڵۆزییه‌کانی نێوان ئه‌مه‌ریکا و ئێران زیادی کردووه له‌سه‌ر کوشتنی زانایه‌کی ناو‌کی ئێران که له ڕۆژی چوارشه‌ممه له تاران کوژرا. ئێران وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و ئیسرائیل به کوشتنه‌که تاوانبار ده‌کات و داوا ده‌کات ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان ئه‌و کوشتنه مه‌حکوم بکات.
ئیسرائیل و وڵات یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکاش نکوڵی له‌وه ده‌که‌ن ده‌ستیان له‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا هه‌بووبێت. به‌ڵام وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریکا لیۆن په‌نێتا له ڕۆژی پێنجشه‌ممه ڕایگه‌یاند کاربه‌ده‌ستانی ئه‌مه‌ریکا هه‌ندێـک بۆچوون و دیدیان هه‌یه که ڕه‌نگه کێ له‌و کوشتنه به‌رپـرسبێت.
شایانی باسه وڵاتانی ڕۆژئاوا فشاره‌کانیان زیاد کردووه له‌سه‌ر ئێران تاوه‌کو کۆتایی به به‌رنامه‌ی پیتاندنی یۆرانیۆم بهێنێت که ده‌ڵێن هه‌وڵێکه بۆ دروستکردنی بۆمبی ناو‌کی. ئێران سووره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌رنامه ناوکییه‌که‌ی به ته‌واوه‌تی به مه‌به‌ستی ئاشتیانه‌یه.