ئۆفیسی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل ڕایگەیاند سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بانگهێشتی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهوی کردووە سەردانی ئەمەریکا بکات و لەگەڵیدا کۆببێتەوە.
بانگهێشتەکە لە کاتێکدایە کە واشنتن بەردەوامە لە دەربڕینی ناڕەزایی خۆی دژی چاکسازییەکانی ئیسڕائیل لە دەسەڵاتی دادوەریدا و فراوانکردنی نیشتەجێیەکانی لە کەناری ڕۆژئاوادا.
هەروەها لە هەمان ئەو ڕۆژەدایە کە سەرۆکی ئیسڕائیل ئیسحاق هێرزۆگ بەرەو ئەمەریکا دەڕوات و پێشبینی دەکرێت لە کۆشکی سپی لەگەڵ سەرۆک بایدندا کۆببێتەوە.
ئۆفیسی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل وتی " سەرۆک بایدن بانگهێشتی سەرۆک وەزیر نەتانیاهوی کردووە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک لە ئەمەریکا."
وتیشی " سەرۆک وەزیر بانگهێشتەکەی پەسەند کردووە و ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی تیمەکانی ئیسڕائیل و ئەمەریکا هەماهەنگی بکەن لەسەر وردەکارییەکانی کۆبوونەوەکە."
لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا حکومەتەکەی نەتانیاهو پێشنیاری یاسایەکی کردووە بۆ چاکسازیکردن لە سیستمی دەسەڵاتی دادوەری وڵاتەکەدا، کە بایدن بە ئاشکرا دژی یاساکە قسەی کردووە.
ڕۆژی دووشەممە نەتانیاهو لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا بە بایدنی وت " پڕۆژە یاساکە هەفتەی داهاتوو پەسەند دەکرێت."
ئۆفیسی نەتانیاهو وتی پەیوەندییە تەلەفونییەکە " درێژخایەن و گەرم و گوڕ بووە."
چاکسازییەکانی حکومەتەکەی نەتانیاهو لە دەسەڵاتی دادوەری ئیسڕائیلدا بریتی دەبێت لە سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی دادگای باڵای ئیسڕائیل، بە جۆرێک دادگاکە نەتوانێت بڕیارەکانی حکومەت ڕەت بکاتەوە.
ئەوانەی دژی چاکسازییەکەن دەڵێن ئەمە مەترسی لەسەر دیموکراسی ئیسڕائیل دروست دەکات، لە مانگی یەکیشەوە دوای ئەوەی پڕۆژە یاساکە ئاشکرا کرا بەردەوام هاووڵاتییانی ئیسڕائیل خۆپیشاندانییان دژی ئەنجام داوە.
سەردانەکەی هێرزۆگ بۆ ئەمەریکا لەم هەفتەیەکدا سەختی پەیوەندییەکانی نێوان بایدن و نەتانیاهو دەردەخات، لە دوای دەستبەکاربوونی بایدنەوە وەکو سەرۆکی ئەمەریکا، ئەمە یەکەمین جارە نەتانیاهو بانگهێشت بکات بۆ واشنتن.
لە چاوپێککەوتنێکدا لەگەڵ سی ئێن ئێن کە لەم مانگەدا بڵاوکرایەوە، بایدن پرسیاری لێکرا لەسەر ئەوەی بۆچی تاوەکو ئێستا نەتانیاهوی بانگهێشت نەکردووە، بایدن لە وەڵامدا وتی واشنتن " پەیوەندی دیکەی هەیە " وەکو هێرزۆگ.
وتی حکومەتە هاوبەشەکەی نەتانیاهو گرژییەکانی لەگەڵ فەڵەستینییەکاندا زیاتر کردووە، ئەوەش لە ڕێی فراوانکردنی نیشتەجێیەکانی جووەکانەوە لەسەر " خاکی فەڵەستینییەکان ".
بایدن وتی لەگەڵ لاوازکردنی دەسەڵاتی فەڵەستینیدا، هەموو ئەمانە پێکەوە "توندڕەویی لە نێو فەڵەستینییەکاندا دروست دەکەن."
وتیشی " بیبی پێم وایە هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی دەدات کە لەگەڵ هاوپەیمانێتییەکەیدا هەیەتی." بیبی ناوە خوازراوەکەی نەتانیاهویە.
وتی " ئەمە توندڕەوترین کابینەیە کە تاوەکو ئێستا بینیبێتم."
ڕۆژی دووشەممە نەتانیاهو لە ماوەی کۆبوونەوەی کابینەکەیدا وتی " هەموومان شەڕ دەکەین بۆ هێشتنەوەی ئیسڕائیل وەکو دەوڵەتێکی جوو و دیموکرات."
وتیشی " دەوڵەتی ئیسڕائیل هەمیشە وەکو دەوڵەتێکی دیموکرات دەمێنێتەوە."
سەرچاوە/ فرانس پرێس