وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا وتی لە ساڵیادی یەکەمی کودەتا سەربازییەکەی 1 ی مانگی دووی ساڵی 2021 دا لە میانمار، ئەمەریکا سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر کۆمەڵێک کەس و لایەن ڕادەگەیەنێت کە پەیوەندییان بە ڕژێمەکەی میانمارەوە هەیە.
کەنەدا و بەڕیتانیاش بە هەمان شێوە سەپاندنی سزایان بەسەر میانماردا ڕاگەیاند.
جێگری وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا بۆ کاروباری تیرۆر و دارایی هەواڵگری بڕایان نیڵسن وتی " ساڵێک دوای کودەتاکە، ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە بەڕیتانیا و کەنەدا، لە پاڵ گەلی بورمادا دەوەستن لە هەوڵیاندا بۆ ئازادی و دیموکراتی."
وتیشی " بەردەوام دەبین لە بە ئامانجکردنی ئەوانەی بەرپرس بوون لە کودەتاکە و ئەوانەشی بەرپرسن لە بەردەوامبوونی توندوتیژییەکان و پشتیوانیکەران لە سەرکوتکارییە دڕندانەییەکەی ڕژێم و ئەو کەسانەشی کە پشتیوانی دارایی ڕژێمەکە دەکەن."
لەنێو ئەوانەدا کە سزاکانیان بەسەردا سەپێندراوە، دادوەری گشتی ثیدا ئۆ و سەرۆکی دەستەی دادوەرانی دادگای باڵای میانمار تون تون ئۆ و سەرۆکی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی تین ئۆیان تێدایە.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتیەکانماندا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پێشلکردنی مافەکانی مرۆڤ و فشار خستنەسەر ڕژێمەکە تاوەکو توندوتیژییەکان ڕابگرێت و سەرجەم ئەو کەسانە ئازاد بکات کە بەشێوەیەکی نادادپەروەرانە دەستبەسەرکراون، هەروەها ڕێگە بدەن یارمەتیە مرۆییەکان بەبێ هیچ کۆسپێک بێنە وڵاتەکەوە و بورما بخەنەوە سەر ئاڕاستە دیموکراتیەکەی."
ئەو کەس و لایەنانەی کە سزاکان دەیانگرێتەوە سەرمایەکانیان لە ئەمەریکا سڕدەکرێت.
لە 1 ی مانگی دووی ساڵی 2020 دا سوپای میانمار کودەتایەکی سەربازیی بەسەر حکومەتی مەدەنی ئەو کاتەی وڵاتەکەدا ئەنجامدا و دەسەڵاتی گرتەدەست، هەروەها سەرۆکی حکومەتی ئەو کاتەی میانمار ئۆنگ سان سو کی و بەرپرسانی باڵای دیکەی حکومەتەکەی دەستگیرکرد.
ئەمەریکا ڕژێمەکەی میانماری تۆمەتبارکردووە بە تۆمەتی ئەنجامدانی " کاری دڕندانە دژی خۆپیشاندەرە دیموکراتخوازەکان." نزیکەی 1500 کەس لە خۆپیشاندانەکاندا کوژراون.
حکومەتی ئەمەریکا داوایکردووە دەستبەجێ ڕابەری حیزبی دیموکراتی نیشتیمانی میانمار ئۆنگ سان سو کی و سەرۆکی میانمار وین مینت و خۆپیشاندەران و ڕۆژنامەنووسان و چالاکەوانانی مافەکانی مرۆڤ ئازاد بکرێن.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا