وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند ڕۆژی هەینی ئەمەریکا سزای بەسەر زیاتر لە 400 کەس و لایەندا سەپاندووە لەسەر پشتیوانیکردنییان لە جەنگەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیادا، کۆمپانیا چینییەکانیش لە نێو سزا دراوەکاندان کە بەرپرسانی ئەمەریکا باوەڕییان وایە یارمەتی مۆسکۆیان داوە بۆ خۆدزینەوە لە سزاکانی ڕۆژئاوا و پتەوکردنی سوپاکەی.
واشنتن چەندین جار هۆشداری داوە بە پەکین لەسەر پشتیوانییەکانی بۆ پیشەسازی بەرگری ڕووسیا و پێشتریش سەدان سزای سەپاندووە کە ئامانج لێیان ڕێگریکردنە لە توانای مۆسکۆ بۆ دەستکەوتنی هەندێک تەکنەلۆجیای دیاریکراو بۆ مەبەستی سەربازیی.
سزاکانی ڕۆژی هەینی کۆمەڵە ڕێوشوێنێک لە خۆدەگرێت دژی ئەو کۆمپانیا چینییانەی کە بەشدارن لە ناردنی ئامێرەکان و مایکرۆئەلیکترۆنییەکان بۆ ڕووسیا، ئەمەش بەپێی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کە سزاکانی دژی 190 ئامانج دەخاتە ڕوو.
وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ڕایگەیاند تۆڕە نێودەوڵەتییەکانیش دەکاتە ئامانج، ئەوانەی کە بەشدارن لە پەیداکردنی تەقەمەنی و ماددەکانی دیکەدا بۆ ڕووسیا، یارمەتی دەسەڵاتدارە دەوڵەمەندەکانی ڕووسیا و ئەوانی دیکە دەدەن خۆیان بدزنەوە لە سزاکان و ئاڵتون سپی دەکەنەوە بۆ کۆمپانیایەکی سزادراو.
جێگری وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا واڵی ئادیمۆ وتی " ڕووسیا ئابوورییەکەی کردووە بە ئامڕازێک بۆ خزمەتکردنی پیشەسازی سەربازیی کرێملن."
وتیشی " کۆمپانیا و دامەزراوە داراییەکان و حکومەتەکان لە سەرانسەری جیهاندا دەبێت دڵنیا ببنەوە لەوەی کە پشتیوانی لە پیشەسازی سەربازیی ڕووسیا نەکەن."
بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکا 123 لایەنی دیکەی خستووەتە لیستی کۆنتڕۆڵکردنی هەناردەی ئەمەریکاوە کە بە لیستی لایەنەکان ناسراوە، لیستەکە لایەنەکان ناچار دەکات مۆڵەتییان دەستکەوێت پێش ئەوەی کەلوپەل بۆ کۆمپانیا سزادراوەکان بنێرن. ئەوانەی کە ڕۆژی هەینی خراونەتە ئەو لیستەوە 63 لایەنییان لە ڕووسیا و 42 لایەنی دیکەیان لە چینن.
دوای ئەوەی لە ساڵی 2014 دا نیمچە دوورگەی کرایمیای گرت، ڕووسیا لە ساڵی 2022 دا داگیرکارییەکی بەرفراوانی لە ئۆکرانیا دەستپێکرد، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی ئەمەریکا کۆمەڵێک سزای نوێی ئابووری دیکە بەسەر ڕووسیادا بسەپێنێت.
بەڕێوبەری سیاسەتی سزا ئابوورییەکان و جێبەجێکردنی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئارۆن فۆرسبێرگ وتی " کارەکەی ئەمڕۆ لەو شوێنەی ڕووسیا دەدات کە ئازاری هەیە، تواناکەی بۆ دەستکەوتنی داهات لە ڕێی وزە و پڕۆژەکانییەوە کەم دەکاتەوە کە لەو ڕێوە توانیویەتی داوای ئەو ماددانە بکات کە پێویستییەتی بۆ ئامێری جەنگەکەی."
یەکێک لەو کۆمپانیا چینییانەی کە کراوەتە ئامانج کۆمپانیای دالیان ماشین تووڵە، کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت بە بەهای 4 ملیۆن دۆلار شتومەکی بە کۆمپانیا ڕووسیاییەکان فرۆشتووە.
خەزێنەی ئەمەریکا زیاتر لە 20 کۆمپانیای هۆنگ کۆنگ و چینی کردووەتە ئامانج، کە دەڵێت پێداویستییان بۆ پیشەسازی سەربازیی ڕووسیا دابین کردووە.
چین دەڵێت چەکی نەداوە بە ڕووسیا بۆ جەنگەکەی لە ئۆکرانیا، بەڵام بەرگری لێدەکات و دەڵێت ئەوە بازرگانییەکی ئاسایی نێوان چین و ڕووسیایە.
سزاکان ڕێوشوێنی دیکەشییان لە خۆگرتووە دژی ئەو کۆمپانیایانەی کە پارچەیەکی دیاریکراو بۆ ڕووسیا دابین دەکەن کە مۆسکۆ لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆرلاندا بەکارییان دەهێنێت و ئەو فڕۆکەیەش لە ئۆکرانیادا بەکارهاتووە.
واشنتن هەوڵیشیداوە سزا بسەپێنێت بۆ تێکدانی پڕۆژەکانی وزە لە ڕووسیا و هەناردەکردنی گازە سروشتییە شلکراوەکەی. پڕۆژەی ئاڕکتیک LNG2 ی ڕووسیای کردووەتە ئامانج کە پڕۆژەکە بەهاکەی دەگاتە 21 ملیار دۆلار و پێشتریش لەلایەن سزاکانی ڕۆژئاواوە کراوەتە ئامانج. هەروەها سزا سەپێندراوە بەسەر پڕۆژەکانی داهاتووی وزە لە ڕووسیادا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز