Accessibility links

ئەمەریکا کۆتوبەند دەخاتە سەر ڤیزای 28 بەرپرسی کوبا


باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە هاڤانا، کوبا

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند کۆتوبەندی سەپاندووە بەسەر ڤیزای 28 بەرپرسی کوبادا و دەڵێت ئەو بەرپرسانەی کوبا دەستیان هەبووە لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانە ئاشتیانەکانی ساڵی ڕابردووی کوبادا.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا وتی کۆتوبەندەکان سەپێندراون بەسەر ئەندامانی باڵای پارتی شیوعی کوبا و ئەو بەرپرسانەی دیکەشدا کە لە بەشی پەیوەندییەکانی وڵاتەکە و کەرتەکانی ڕاگەیاندندا کاردەکەن.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بەرپرسانی پارتەکەی کوبای بە تۆمەتی دانانی سیاسەتێک تۆمەتبار کرد کە بەهۆیەوە سەدان کەسییان لە خۆپیشاندانەکانی یانزەی مانگی حەوتی 2021 دا کردە ئامانج کە تیایدا هاوڵاتیانی وڵاتەکە دژی دەستگیرکردن و دادگاییە ناڕەواکان و توندوتیژییەکان ناڕەزاییان دەربڕی.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتیشی حکومەتی کوبا هێڵەکانی ئینتەرنێتی بڕیوە تاوەکو ڕێگە لە پەیوەندی نێوان هاوڵاتیانی کوبا بگرێت و خەڵکەکە لە جیهانی دەرەوە داببڕێت.

وتیشی " بەرپرسانی دەوڵەت بەردەوامن لە هەڵمەتەکەیان دژی خۆپیشاندەرە دەستگیرکراوەکانی یانزەی مانگی حەوت و ئەندامانی خێزانەکانیشیان کە بە ئاشکرا سەبارەت بە دۆسییەی خۆشەویستانیان قسە دەکەن."

سزاکانی واشنتن بۆ سەر بەرپرسانی حکومەتی کوبا و پارتی شیوعی ئەو وڵاتە بەپێی سیاسەتێکی سەردەمی ڕێگان کراوە کە تیایدا هاتنی ئەفسەران و کارمەندانی حکومەتی کوبا و پارتی شیوعی کوبا بۆ ئەمەریکا قەدەغە دەکات.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG