ئەمەریکا سزای دیکەی بەسەر سێ بەرپرسی باڵای کوبادا سەپاند، ئەمەش لەنوێترین وەڵامدانەوەی واشنتندا لەسەر سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی ئەمدواییانەی هاوڵاتیانی کوبا دژی حکومەتی وڵاتەکە.
وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا وتی سزاکان دوو بەرپرسی باڵای وەزارەتی بەرگری کوبایان گرتۆتەوە کە دەستیان هەبووە لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکاندا کە تیایدا سەدان کەس دەستگیرکراون.
بەڕێوبەری ئۆفیسی خەزێنەی کۆنتڕۆڵکردنی سەرمایە بیانیەکان ئاندریا گاکی وتی " ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە سزادانی ئەوانەی وایانکردووە حکومەتی کوبا سوکایەتی بە مافەکانی مرۆڤ بکات."
وتیشی " سزاکانی ئەمڕۆ کەسانێکی دیکە دەگرنەوە کە بەرپرسن لە سەرکوتکردنی داواکانی گەلی کوبا بۆ ئازادی و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ. "
جێی ئاماژەیە پێشتر واشنتن سزای سەپاندووە بەسەر وەزیری بەرگری کوبا ئالڤارۆ لۆپێز مێرا و پۆلیسی کوبادا، سزاکانی ئێستاش هەریەک لە ڕۆبەرتۆ لێرگا و ئاندرێس لاوریانۆ گۆنزالێز دەگرنەوە کە بەرپرسن لە وەزارەتی هێزە شۆڕشگێڕەکانی کوبادا.
هەروەها بەرپرسێکی دیکەی زیندانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی کوبا دەگرێتەوە.
لە بەیاننامەکەدا دەڵێت " هێزەکانی ئاسایشی کوبا زیاتر لە 800 کەسیان وەکو وەڵامێک بۆ خۆپیشاندانەکان دەستگیرکردووە، زۆرێکیشیان بێسەروشوێن بوون."
ئەو بەرپرسانەی سزاکان دەیانگرێتەوە دەخرێنە لیستی ڕەشی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکاوە و سەرجەم و سەرمایەکانیان لە ئەمەریکا سڕ دەکرێت و ڕێگەیان پێنادرێت هیچ سیستمێکی پارە حەواڵەکردنی ئەمەریکی بەکاربهێنن.
سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن هۆشیاریداوەتە کوبا لەسەر ئەوەی دەکرێت ڕێوشوێنی زیاتر دژییان بگیردرێتەبەر، هەروەها ئەمەریکا داوای لە بەرپرسانی حکومەتی کوبا کردووە بەزووترین کات خۆپیشاندەران ئازاد بکات.
سەرچاوە/ فرانس پرێس