Accessibility links

ئەمەریکا سزا بەسەر تۆڕێکی فرۆشتن و گەیاندنی نەوتی ئێراندا دەسەپێنێت


ئەمەریکا سزای بەسەر کۆمەڵێک کۆمپانیای هۆنگ کۆنگ و ئیماڕات و کۆمپانیاکانی وڵاتانی دیکەشدا سەپاند، ئەوەش دوای ئەوەی ئەو کۆمپانیایانەی بە تۆمەتی فرۆشتن و گەیاندنی نەوت و بەرهەمە پیترۆکیمیاییەکانی ئێران بە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا تۆمەتبار کرد.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا گوتی تۆڕەکە کە لە کۆمەڵە کەس و لایەنێک پێکهاتووە کە بەکارهێندراون بۆ کارئاسانیکردن لە فرۆشتن و گەیاندنی بەرهەمەکان لە کۆمپانیاکانی ئێرانەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و سەدان ملیاران دۆلاری ئەمەریکییان دەستکەوتووە.

ئەمەش دوای ئەوە دێت هەفتەی ڕابردوو لە دەوحەی پایتەختی قەتەڕ گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی نێوان واشنتن و ئێران بۆ دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2015 بەبێ هیچ بەرەوپێشچوونێک کۆتاییان هات.

یاریدەدەری وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا بۆ کاروباری تیرۆر و هەواڵگری دارایی، بڕایان نیڵسن، گوتی " لە کاتێکدا ئەمەریکا پابەندە بە دۆزینەوەی ڕێکەوتنێک لەگەڵ ئێراندا کە تیایدا هەردوولا بگەڕێنەوە سەر پابەندبوون بە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەوە، بەردەوام دەبین لە بەکارهێنانی هەموو دەسەڵاتەکانمان بۆ توندکردنەوەی سزاکانی سەر فرۆشتنی پیتڕۆڵیۆم و پیترۆکیمیاییەکانی ئێران."

یەکێک لەو کۆمپانیایانەی کە کراوەتە ئامانجی سزاکانی ڕۆژی چوارشەممەی ئەمەریکا بریتیە لە کۆمپانیای پیترۆکیمیایی جامی ئێران کە واشنتن بە تۆمەتی هەناردەکردنی بەرهەمە پیترۆکیمیاییەکان بۆ سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا تۆمەتباری کردووە.

یەکێکی دیکە کۆمپانیای ئێدگار کۆمێرشیاڵ سۆلوشنە کە خەزێنەی ئەمەریکا دەڵێت بەرهەمە پیترۆکیمیاییەکانی لە کۆمپانیا ئێرانییەکان کڕیوە و هەناردەی کردوون. واشنتن دەڵێت کۆمپانیاکە کۆمپانیای پیشەسازی لوسترۆی سنوورداری هۆنگ کۆنگی بەکارهێناوە کە بە هەمان شێوە سزاکانی ئەمەریکای بەسەردا سەپێندراوە، ئەوەش بەمەبەستی شاردنەوەی ڕۆڵی کۆمپانیاکە لە کڕینی بڕێکی زۆری بەرهەمە پیترۆکیمیاییەکانی ئێران.

کۆمپانیای ئەلموتەوای بازرگانی پیتڕۆڵیۆم و پیترۆکیمیایی ئیماڕاتیش یەکێکی دیکەیە لەو کۆمپانیایانەی ئەمەریکا سزای بەسەردا سەپاندوون. کۆمپانیاکە کۆمپانیای تریلیانس پیترۆکیمیایی بەکارهێناوە بۆ شاردنەوەی کڕینەکانی. کۆمەڵێک کۆمپانیای دیکەشی ئیماڕات کراونەتە ئامانجی سزاکانی ئەمەریکا.

کۆمەڵێک کۆمپانیاش لە ڤیێتنام و سینگاپوور کراونەتە ئامانج.

سزاکان سەرمایەی سەرجەم ئەو کۆمپانیایانە لە ئەمەریکا سڕ دەکەن و لەسەر ئەمەریکییەکانی قەدەغە دەکات مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن. ئەوانەی مامەڵە لەگەڵ ئەو کەس و لایەنانەدا بکەن کە سزایان بەسەردا سەپێندراوە، ڕەنگە سزا بەسەر خۆشیاندا بسەپێندرێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG