Accessibility links

ئەمەریکا سزا بەسەر بەرپرسانی ئێراندا دەسەپێنێت


ئەمەریکا کۆمەڵێک سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند، ئەو بەرپرس و لایەنانەی ئێرانی کردە ئامانج کە سانسۆرییان خستۆتە سەر ئینتەرنێت و دەستییان هەبووە لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی وڵاتەکەدا.

لە 16 ی مانگی نۆدا ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکاری ئێراندا گیانی لەدەستدا، ئەوەش بووە هۆی کەوتنەوە خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری لە ئێراندا و یەکێک بووە لە بوێرترین خۆپیشاندان کە مەترسی لەسەر سەرکردایەتییە ڕۆحانییەکەی ئێران دروست کردووە.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند سزای سەپاندووە بەسەر بەرپرسانی سوپای پاسدارانی ئێران و بەرپرسانی بەندینخانەکانی ئێران و دوو لایەنیش کە بە تۆمەتی " تێکدانی ئازادی دیجیتاڵی " لە ئێران تۆمەتبار کراون.

سزاکان هیدایەتی فەرزادییان کردۆتە ئامانج کە وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا دەڵێت بەرپرسی بەندینخانەی ئێڤینە کە زۆربەی بەندکراوەکانی زیندانییە سیاسییەکانن، واشنتن دەڵێت ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەرانیش لەو بەندینخانەیەدا بەندکراون. بەرپرسێکی دیکەی ئێران کە سزاکانی ئەمەریکا دەیگرێتەوە بەڕێوبەری بەندینخانەکانی هەرێمەکانی ئێران سەید حیشمەتوڵا حەیات ئەل غایبە.

سزاکان هەریەک لە فەرماندەی دەزگای هەواڵگری ئای ئاڕ جی سی موحەمەد کازمی و جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای هەواڵگری ئای ئاڕ جی سی عەباس نیلفۆروشان و بەرپرسانی دیکەش دەگرێتەوە.

سزاکانی ئەمەریکا سەرمایە و موڵکی سزادراوان لە ئەمەریکا سڕ دەکەن و بە شێوەیەکی گشتیش مامەڵەی ئەمەریکییەکانیان لەگەڵدا قەدەغە دەکرێت.

XS
SM
MD
LG