Accessibility links

لیژنەیەکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا پڕۆژە یاسایەک پەسەند دەکات دەسەڵات دەداتە بایدن تیک تۆک قەدەغە بکات


لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا دەنگدانێکی ئەنجامدا بۆ پێدانی دەسەڵاتێک بە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن تاوەکو بتوانێت تۆڕی کۆمەڵایەتی چینی تیک تۆک قەدەغە بکات.

یاسادانەرانی لیژنەکە بە 24 دەنگ بەرامبەر 16 دەنگ پڕۆژە یاساکەیان پەسەند کرد. یاساکەش دەسەڵاتێکی نوێ دەداتە بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک بایدن بۆ قەدەغەکردنی تیک تۆک و ئەو بەرنامانەی دیکە کە مەترسییان لەسەر ئاسایش هەیە، تیک تۆک لەلایەن زیاتر لە 100 ملیۆن هاوڵاتی ئەمەریکییەوە بەکاردەهێندرێت.

دیموکراتەکانی لیژنەکە دژایەتی پڕۆژە یاساکەیان کرد کە لەلایەن سەرۆکی لیژنەکە مایکڵ مککۆڵی کۆمارییەکانەوە پشتگیری لێکراوە.

لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا تیک تۆک ڕووبەڕووی هێرشی توند بۆتەوە، ئەوەش بەهۆی ترس و نیگەرانییەکانەوە لەسەر ئەوەی ڕەنگە زانیارییەکانی بەکارهێنەرانی بکەونە دەستی حکومەتی چینەوە، ئەوەش بەرژەوەندییە ئاسایشییەکانی ڕۆژئاوا دەخاتە مەترسییەوە.

لەم هەفتەیەدا کۆشکی سپی ماوەی 30 ڕۆژیدا بە دەزگا حکومییەکانی ئەمەریکا بۆ ئەوەی دڵنیا ببنەوە لەوەی تیک تۆک لە هیچ ئامێر و سیستمێکی فیدڕاڵیدا نەبێت. زیاتر لە 30 ویلایەتی ئەمەریکا و کەنەدا و دامەزراوە سیاسییەکانی یەکێتی ئەوروپا دابەزاندنی تیک تۆکییان لە ئامێرەکانی سەر بە دەوڵەتدا قەدەغە کردووە.

پڕۆژە یاساکە کە دەسەڵات دەداتە بایدن تاوەکو فەرمانی قەدەغەکردنی تیک تۆک دەربکات، هێشتا بەربەستی زۆری لەبەردەمدا ماوە تاوەکو ببێتە یاسا. پێویستە پڕۆژە یاساکە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکاوە پەسەند بکرێت، سینات لە ژێر کۆنتڕۆڵی دیموکراتەکاندایە، دواتر ئەگەر لە هەردوو ئەنجومەنەکەدا پەسەند کرا ئینجا ڕەوانەی بایدن دەکرێت تاوەکو پەسەندی بکات.

دوای دەنگدانەکە وتەبێژێکی تیک تۆک وتی " قەدەغەکردنی تیک تۆک لەلایەن ئەمەریکاوە قەدەغەکردنی هاوردەکردنی کلتور و بەهاکانی ئەمەریکایە بۆ ملیاران کەس کە لە سەرانسەری جیهاندا خزمەتگوزارییەکەمان بەکاردەهێنن."

دوای دەنگدانەکە، مککۆڵ بە ڕۆیتەرزی وت پێشبینی دەکات " بەمزووانە " تیک تۆک قەدەغە بکرێت و لەم مانگەدا ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر دەدەن.

نوێنەرێکی باڵای دیموکراتەکان لە لیژنەکەدا، گریگۆری میکس، وتی بە توندی دژایەتی پڕۆژە یاساکە دەکات چونکە " زیان بە پابەندبوونەکانمان دەگەیەنێت لە سەرانسەری جیهاندا، کۆمپانیای زیاتر دەباتە نێو کایەی چینەوە، کارەکان لێرە لە ئەمەریکا لە ناو دەبات و بەها سەرەکییەکانی ئەمەریکا بۆ ئازادی ڕادەربڕین و کارگێڕی ئازاد دەشکێنێت."

لیژنەی حکومەتی ئەمەریکا بۆ وەبەرهێنانی بیانی کە دەزگایەکی بەهێزی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکایە، لە ساڵی 2020 دا بە کۆی دەنگ پێشنیارییان کرد ByteDance تیک تۆک لاببات، ئەوەش بەهۆی ترس و نیگەرانییەکانەوە سەبارەت بە ئەگەری ئەوەی زانیارییەکانی بەکارهێنەران بگوازرێنەوە بۆ حکومەتی چین.

تیک تۆک و دەزگا ئەمەریکییەکە بۆ زیاتر لە دوو ساڵە گفتوگۆ دەکەن سەبارەت بە پێیداویستییەکانی ئاسایشی زانیارییەکان. تیک تۆک وتی زیاتر لە 1.5 ملیار دۆلاری بۆ هەوڵەکانی ئاسایش تەرخان کردووە و تۆمەتەکانی سیخوڕیکردن ڕەت دەکاتەوە.

مانگی ڕابردوو بایدن وتی دڵنیا نیە لەوەی واشنتن تیک تۆک قەدەغە بکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG