Accessibility links

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا پڕۆژە یاسایەک پەسەند دەکات بۆ ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە 6 ملیار دۆلار


ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا پڕۆژە یاسایەکی پەسەند کرد کە تێیدا ڕێگری لە دەستڕاگەیشتنی ئێران دەکات بە ئەو 6 ملیار دۆلارەی کە لەمدواییانەدا لەلایەن ئەمەریکاوە بۆ ئازادکردنی ئەو زیندانییە ئەمەریکاییانەی کە لە تاران زیندانیکرابوون، ئازادکرا، ئەمەش لە هەنگاوێکدا کە کۆمارییەکان هەوڵییان بۆ داوە وەکو وەڵامێک بۆ " تێوەگلانی ئێران لە هێرشە کوشندەکەی مانگی ڕابردووی حەماسدا بۆ سەر ئیسڕائیل."

پڕۆژە یاساکە کە ناسراوە بە " هیچ پارەیەک نادرێت بۆ پشتیوانیکردن لە کارە تیرۆریستییەکانی ئێران "، بە 307 دەنگ بەرامبەر 119 دەنگ پەسەند کرا.

یاسادانەری کۆمارییەکان و سەرۆکی کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا، مایکڵ مککاوڵ، وتی " لە بەرچاوگرتنی ئەو ناسەقامگیرییەی کە لە ناوچەکەدا هەیە، دوایین شت بمانەوێت بیکەین ئەوەیە کە ڕێگە بدەین ئێرانی سپۆنسەری تیرۆر دەستی بگات بەو 6 ملیار دۆلارە."

بەرپرسانی ئەمەریکا ڕەخنەیان لەو لێدوانە گرتووە و ئاماژەیان بەوە داوە تاوەکو ئێستا ئێران دەستی بە تەنها یەک دۆلاریش لەو پارەیە نەگەیشتووە، وتیشیان ئەو پارەیە تەنها بۆ پێویستییە مرۆییەکان دەدرێت بە ئێران.

ڕەخنەگرانی کۆمارییەکانی وەک مککۆڵ دەڵێن سەرەڕای ئەوەی پارەکە بۆ یارمەتییەکان سنووردار کراوە، بەڵام دەتوانرێت ببێتە هۆی ئازادکردنی پارەی سڕکراوی دیکە بۆ تاران تاوەکو پشتیوانی بۆ حەماس دابین بکات، وەک ئەوەی چۆن پێیان وایە پشتیوانییان لە حەماس کردووە پێش ئەوەی لە مانگی 10 دا هێرش بکاتە سەر ئیسڕائیل.

لە مانگی هەشتدا ئەمەریکا و ئێران گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە لە کۆتاییدا بووە هۆی ئازادکردنی پێنج زیندانیکراوی ئەمەریکایی لە تاران و ژمارەیەکی نەزاندراو لەو زیندانییە ئێرانییانەی کە لە ئەمەریکا زیندانیکرابوون، ئەوەش دوای ئەوەی ملیاران دۆلاری ئێران لە بانکەکانی کۆریای باشوورەوە حەواڵەی قەتەڕ کران. بەڵام چەند ڕۆژێک دوای هێرشەکەی 7 ی مانگی 10 ی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل، ئەمەریکا و قەتەڕ ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی کە ئێستا ئێران ناتوانێت دەستی بگات بەو پارەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو پارەیە جارێکی دیکە سڕنەکراوەتەوە.

پڕۆژە یاساکە کە لەلایەن کۆمارییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکاوە پشتگیری لێدەکرێت و ئێستا دەچێتە بەردەم ئەنجومەنی سینات، پێناچێت لەلایەن زۆرینەی دیموکراتەکانەوە پشتگیری لێبکرێت. پڕۆژە یاساکە کۆتوبەند دەخاتە سەر پارەکە و ڕێگە نادات هیچ پارەیەک حەواڵەی ئێران بکرێت. هەروەها هۆشداری دەداتە هەر حکومەتێک یاخود هەر لایەنێک کە هەوڵبدات ئەو پارەیە حەواڵە بکات.

هەندێک لە دیموکراتەکان کە دژایەتی ئەو پڕۆژە یاسایە دەکەن داکۆکییان لە بڕیارەکەی بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک بایدن کردووە بۆ حەواڵەکردنی ئەو پارەیە لە بەرامبەر ئازادکردنی زیندانییە ئەمەریکاییەکاندا، بە تایبەتی لە ئێستادا کە بارمتە ئەمەریکاییەکان لەلایەن حەماسەوە لە غەززە گیراون.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG