Accessibility links

بەرپرسانی تەندروستی ئەمەریکا: ڕێژەی توشبوون بە هەڵامەت و کۆڤید ڕەنگە لە پشووەکاندا زیاتر ببن

بەرپرسانی تەندروستی ئەمەریکا دەڵێن لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا توشبوون بە هەڵامەت و پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاتر دەبن، ئەوەش بەهۆی زیادبوونی کۆبوونەوەکانەوە لە ماوەی پشووەکاندا و هەروەها خەڵکانێکی زۆر کە ڤاکسینییان نەکردووە و جۆرێکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە ڕەنگە زۆر ئاسانتر بگوازرێتەوە.

پزیشکی ناوەندی کۆنتڕۆڵکردن و ڕێگریکردن لە نەخۆشییەکانی ئەمەریکا، مانیشا پاتێل وتی " خەڵکەکە لەم وەرزەدا زۆر زیاتر گەشت دەکەن. دەیانەوێت خێزانەکانییان ببینن. هەموو ئەو کۆبوونەوە و تێکەڵبوونانەش یارمەتیدەر دەبن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکاندا."

بەرپرسانی تەندروستی چاودێری جۆرێکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکەن کە بە JN.1. ناسراوە. ئەو جۆرە سەرەتا لە مانگی نۆدا لە ئەمەریکا دەستنیشان کرا و ئێستا بەرپرسە لە لە سەدا 20 ی حاڵەتەکانی توشبوون بە کۆرۆنا. پاتێل وتی ناوەندی کۆنتڕۆڵکردن و ڕێگریکردن لە نەخۆشییەکانی ئەمەریکا پێشبینی دەکات لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا ئەو ڕێژەیە بگاتە لە سەدا 50.

بەرپرسانی تەندروستی دەڵێن ئەو جۆرەی کۆرۆنا ڕەنگە ئاسانتر بڵاوببێتەوە یاخود باشتر بێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی سیستمی بەرگریماندا، بەڵام هیچ بەڵگەیەک نیە لەسەر ئەوەی کە لە جۆرەکانی دیکە مەترسیدارتر بێت. بەپێی بەڵگەکانی ئێستاش، ڤاکسینەکان و دەرمانەکان دژی ئەو جۆرەش کاردەکەن.

سەرچاوە/ AP

This item is part of
XS
SM
MD
LG