وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا پێنتاگۆن دەڵێت فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی گۆستی ئەمەریکا کە لەمدواییانەدا ئاشکرا کراوە و بەشێکە لە یارمەتییە سەربازییەکانی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا لەلایەن هێزی ئاسمانی ئەمەریکاوە بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجەکان دروست کراوە و دوای یەک جار بەکارهێنانی لەناودەبرێن.
ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی یارمەتییە سەربازییەکانیان بۆ کیێڤ زیاد کرد، ئەوەش پێش ئەوەی ڕووسیا هێرشەکانی بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا ڕابگەیەنێت.
هێزەکانی ئۆکرانیا لە ماوەی داگیرکارییەکەی ڕووسیادا چەکەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوایان بەکارهێناوە، لەوانەش موشەکی جاڤیڵین و ستینگەر و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی وەکو بەیرەکتار تی بی 2 ی تورکیا و سویچبلەیدی دروستکراوی ئەمەریکی.
ڕۆژی پێنجشەممە کۆشکی سپی وتی زیاتر لە 21 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی فینیکس گۆستی تەکتیکی دەدرێت بە ئۆکرانیا، ئەوەش وەکو بەشێک لەو چەکانەی دەدرێن بەو وڵاتە.
وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا وتی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی گۆست گونجاوە بۆ شەڕی دواتری ئۆکرانیا لە هەرێمی دۆنباس.
وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا جۆن کیربی وتی " بەشێوەیەک پەرەی پێدراوە کە ئامانجەکانی زۆر نزیکن لەوەی کە ئۆکرانییەکان لە ئێستادا لە دۆنباس دەیانەوێت."
کیربی هیچ وردەکارییەکی نەدا لەسەر مەودا و تواناکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە. بەڵام وتی بۆ هێرشکردن دروست کراوە.
ژمارەیەکی کەم لە سەربازانی ئۆکرانیا لە ئەمەریکا مەشقیان لەسەر چۆنێتی بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سویچبلەید وەرگرتووە کە تەنها یەک جار بەکاردێت و دەفڕێتە ناو ئامانجەکەیەوە و لەگەڵ بەرکەوتندا دەتەقێتەوە.
کیربی وتی مەشقکردن لەسەر گۆست هاوشێوەی مەشقکردن دەبێت لەسەر سویچبلەید. بەڵام ڕەتی کردەوە وردەکاری بدات لەسەر پلانی مەشقەکان یاخود ئاماژە بەوە بدات چەند سەربازی ئۆکرانی لەسەر فڕۆکە بێفڕۆکەوانە نوێییەکە مەشقییان پێدەدرێت.
هێشتا فڕۆکەکان نەگەیشتوونەتە ئۆکرانیا.
لە ماوەی ڕابردوودا ڕۆژی پێنجشەممە کیربی وتی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە بۆ ئۆکرانیا دروست کراوە. بەڵام دواتر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕوونکردنەوەیدا و وتی پەرەپێدانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە پێش دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا دەستیپێکردووە.
کیربی وتی " بەڵام بەردەوام دەبین لە پەرەپێدانی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە ئۆکرانیا پێویستی پێیانە لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
پێنتاگۆن: فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی گۆستی ئەمەریکی بۆ ئۆکرانیا بۆ هێرشکردن دروست کراوە
