وتەبێژی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵ وتی ڕاوێژکار و سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لەڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونیەوە نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بە پێشهاتەکانی سوریا و ڕەوشی مرۆیی لە ناوچەکانی دەوروبەری ئیدلب.
وتەبێژی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا شتایڤن زایبەرت لە بەیاننامەیەکدا وتی " پێویستە لەسەر ڕوسیا بەشێوەیەکی ڕاست مامەڵە لەگەڵ حکومەتی سوریادا بکات بەبێ ئەوەی گرژییەکان زیاتر ببن."
زایبەرت بەبێ ئەوەی بچێتە وردەکارییەکانەوە وتی مێركڵ و سەرۆک ترامپ باسیان لە ڕەوشی ئۆکرانیا و وڵاتانی ڕۆژئاوای باڵکان و بازرگانیش کردووە.
حکومەتی سوریا کە لەلایەن مۆسکۆوە پشتیوانی لێدەکرێت دەڵێت ئامانجی ئەوەیە ئیدلب بخاتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی کە ئێستا لەژێر دەسەڵاتی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆندایە و پەناگەی هاوڵاتیانی مەدەنی و ئەو چەکدارانەی دیکەی ئۆپۆزسیۆنە کە لە ناوچەکانی دیکەی سوریاوە هەڵهاتوون بۆ ئەوێ و لەوێ ماونەتەوە، هەروەها ئیسلامییە توندڕەوەکانیش لە ئیدلب هەن.
لەم مانگەدا ناوچەکە ڕووبەڕووی زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی و بۆردومانکردن بۆتەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز