Accessibility links

ئەمەریکا لە ئەنجومەنی ئاسایش پێشنیاری پڕۆژە بڕیارێک دەکات بۆ ئاگربەستێکی کاتی لە غەززە


ئەمەریکا پێشنیاری پڕۆژە بڕیارێکی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کردووە کە تێیدا تیشک دەخاتە سەر " پشتیوانی ئەنجومەنەکە بۆ ئاگربەستێکی کاتی لە غەززە." ئەمەش بەپێی نوسراوێک کە لەلایەن ڕۆیتەرزەوە بیندراوە.

بەپێی نوسراوەکە، ئەمەریکا جەخت لەوە دەکاتەوە کە " لە ژێر بارودۆخی ئێستادا هێرشێکی زەمینی گەورە بۆ ناو ڕەفەح دەبێتەوە هۆی زیانگەیاندنی زیاتر بە هاووڵاتییانی سڤیل و ئاوارەبوونی زیاتر، ڕەنگە بۆ وڵاتانی دراوسێش."
ئیسڕائیل پلانی هەیە هێرش بکاتە سەر ڕەفەح، کە زیاتر لە 1 ملیۆن فەلەستینی وەکو پەناگە بەکارییان هێناوە و لە باکوور و ناوەڕاستی غەززەوە ڕوویان کردووەتە ئەو شارە کە دەکەوێتە باشووری غەززەوە و سنووری بە میسڕەوە هەیە. ئەمەش نیگەرانییەکی نێودەوڵەتی لێکەوتووەتەوە لەسەر ئەوەی ئەمە دەبێتە هۆی خراپتربوونی قەیرانە مرۆییەکان لە غەززەدا.

بەپێی نوسراوەکە، " ئەو جۆرە هەنگاوە ئاڵۆزییەکی جددی دروست دەکات بۆ ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە، لەبەر ئەوەی تیشک دەخاتە سەر ئەوەی ئەو جۆرە هێرشە زەمینییە نابێت لەم بارودۆخەی ئێستادا ئەنجام بدرێت."

تاوەکو ئێستا نەزاندراوە ئەو پڕۆژە بڕیارە کەی دەخرێتە بەردەم دەنگدان لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کە لە 15 ئەندام پێکهاتووە.

پڕۆژە بڕیارەکەی ئەمەریکا دوای ئەوە دێت جەزائیر داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد ڕۆژی سێشەممە دەنگدانێک لەسەر پڕۆژە بڕیارەکەی خۆی ئەنجام بدات، کە تێیدا داوای دەستبەجێ ئاگربەستی مرۆیی دەکات لە جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسدا. باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لیندا تۆماس گرینفیڵد بە خێرایی ئاماژەی بەوەدا کە ڤیتۆ دژی ئەو پڕۆژە بڕیارە بەکاردەهێنێت.

هەریەک لە ئەمەریکا و میسڕ و ئیسڕائیل و قەتەڕ هەوڵ دەدەن گفتوگۆ لەسەر وەستانێک بکەن لە جەنگەکەدا و ئازادکردنی ئەو بارمتانەی کە لەلایەن حەماسەوە گیراون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG