Accessibility links

کۆشکی سپی دەڵێت کوشتنی بارمتەکان پێویستییە بەپەلەکان زیاتر دەکات بۆ گفتوگۆکانی ئاگربەست لە غەززە

وتەبێژی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جۆن کێربی
وتەبێژی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جۆن کێربی

کۆشکی سپی دەڵێت کوشتنی شەش بارمتەکە لەلایەن حەماسەوە کە لاشەکانییان لەلایەن هێزەکانی ئیسڕائیلەوە دۆزرانەوە، تیشک دەخاتە سەر پێویستییەکی بەپەلە بۆ ڕێککەوتنێکی ئاگربەست لە غەززە و ئازادکردنی ئەو بارمتانەی کە هێشتا لە غەززە ماونەتەوە.

وتەبێژی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی جۆن کێربی بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئاشکرایە ئەوەی کە لە کۆتایی هەفتەدا ڕوویدا تیشک دەخاتە سەر ئەوەی چەند گرنگە ئەم شتە بە خێرایی تەواو بکەین." وتیشی حەماس بەرپرسە لە مەرگی بارمتەکان.

ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی هەوڵیانداوە لە ڕێی گفتوگۆکانەوە بگەن بە ڕێککەوتنێکی ئاگربەست بەرامبەر ئازادکردنی بارمتەکان، تەنانەت ئەگەر ماوەی ئاگربەستەکەش کەم بێت هەتاوەکو ئەو کاتەی کە بارمتە پیر و نەخۆش و بریندارەکان ئازاد دەکرێن.

کێربی وتی " کار لەسەر پێشنیارێک دەکەین کە دەبێتە هۆی ئازادکردنی بارمتەکان و یارمەتییەکی مرۆیی گەورە بۆ خەڵکی غەززە و هەروەها ڕاگرتنی شەڕەکە."

وتیشی نازانێت کەی ئەو پێشنیارە دەخرێتەڕوو.

وتی " ئێمە بەردەوام لە ڕاوێژیداین لەگەڵ قەتەڕ و میسڕ و ئیسڕائیلدا، بێگومان قەتەڕ و میسڕ لە پەیوەندیدان لەگەڵ حەماسدا، ئێمەش چی بکرێت ئەوە دەکەین."

ڕۆژی دووشەممە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن وتی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو پێویستە کاری زیاتر بکات بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئاگربەست.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

This item is part of
XS
SM
MD
LG