Accessibility links

وەزیری بەرگری ئەمەریکا دەڵێت فەڕەنسا هێزی زیاتری بۆ سوریا ڕەوانەکردووە


وەزیری بەرگری ئەمەریکا ئاشکرایکرد فەڕەنسا لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوو هێزی تایبەتی زیاتری ڕەوانەی سوریا کردووە بە مەبەستی پـشگیریکردنی هێزەکانی هاوپەیمانان لەوێ.

جەیمس ماتس ئەمڕۆ پـێنجشەممە ئەمەی بۆ کۆمیتەی تایبەت بە هێزە چەکدارەکان لە ئەنجومەنی سینات ڕاگەیاند و گوتی لە ئێستادا لە سوریا ناکشێنەوە و لە ڕۆژانی داهاتوو هەوڵی زیاتر لە دۆڵی فورات دەدرێت بۆ نەهێشتنی پاشماوەکانی داعش لەو ناوچەیەدا.

بەمەش وەزیری بەرگری ئەمەریکا ئەو هەواڵە ڕۆژنامەوانیانەی پشـتڕاستکردەوە کە فەڕەنسا هێزی زیاتری بۆ باکوری سوریا ناردووە.

ئەوەی باوە حکومەتی فەڕەنسا زانیاری لە بارەی جموجۆڵە لەشکریـیەکانی ڕاناگەیەنێت، بەڵام ئیمانۆئێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا لەم هەفتەیە لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ سەرۆک ترامپ گوتی فەڕەنسا بڕیاری داوە بەشدارییەکانی لە نێوان هێزەکانی هاوپەیمانان زیاتر بکات. ئاماژەی بۆ شەڕی داعش کرد و گوتی وڵاتەکەی بە تەواوی بەشداری لەوە شەڕەدا دەکات.

XS
SM
MD
LG