ئەمەریکا و فەڕەنسا و بەڕیتانیا داوای کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانیان کرد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسی بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی لەلایەن ڕووسیاوە لە جەنگەکەی ناو ئۆکرانیادا.
بەرپرسانی ئۆکرانیا وتیان لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا ڕووسیا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەکارهێناوە لە هێرشەکانیدا بۆ سەر شارەکانی ئۆکرانیا، بە کیێڤی پایتەختیشەوە، وتیشیان فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە جۆری شاهید – 136 ی دروستکراوی ئێران بوون.
وەزیری بەرگری ئیستۆنیا هانۆ پێڤوکر بە ڕۆژنامەنووسانی وت پێشبینی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی زیاتر دەکات " لە شارەکانی دیکەی ئۆکرانیادا."
وتیشی ئۆکرانیا توانیویەتی نزیکەی نیوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بخاتە خوارەوە، بەڵام هێشتا پێویستی بە یارمەتی زیاتر هەیە. لەم چەند ڕۆژەی ڕابردووشدا بەرپرسانی ئۆکرانیا دووبارە داوایان لە هاوپەیمانان کردەوە سیستمی بەرگری ئاسمانی زیاترییان بدەنێ.
وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا وتی تەنها لە هەفتەی ڕابردوودا زیاتر لە 100 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی لە وێستگەکانی کارەبا و بیناکانی نیشتەجێبوون و پرد و ئامانجەکانی دیکەی ناو ناوچەکانی دانیشتوانی ئۆکرانیایان داوە.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا