Accessibility links

ئەمەریکا نزیکەی 150 ڕاهێنەری سەربازیی لە ئۆکرانیا دەکشێنێتەوە


وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕایگەیاند وڵاتەکە نزیکەی 150 سەربازی ئەمەریکی لە پاسەوانانی نیشتیمانی فلۆریدا کە ڕەوانەی ئۆکرانیا کرابوون بەمەبەستی پێدانی مەشق بە هێزەکانی ئۆکرانیا، ئەو وڵاتە جێدەهێڵن، ئەمەش لەکاتێکدایە ئەگەری داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسیاوە زۆرتر بووە.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا جۆن کیربی وتی بڕیارەکە لە بڕیاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کشاندنەوەی هەندێک لە کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە کیێڤەوە سەرچاوەی گرتووە.

کیربی لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئەم گۆڕینی شوێنی سەربازانە مەبەست لێی گۆڕانکاری نیە لە سووربوونمان لە پشتیوانیکردنی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا، بەڵام بەهۆی ئەم کارەوە دەتوانین هاوپەیمانانمان دڵنیا بکەینەوە و بەربەست لەبەردەم دوژمنکارییەکاندا دابنێین."

وتی ڕاهێنەرە سەربازییەکان بۆ شوێنێکی دیکەی ئەوروپا ڕەوانە دەکرێن، بەڵام هێشتا نازانرێت بەدیاریکراوی بۆ چی شوێنێک ڕەوانە دەکرێن.

ڕۆژی شەممە هەریەک لە وڵاتانی نیوزیلاند و ئەڵمانیا و هۆڵەندا چوونە پاڵ ئەو وڵاتانەی دیکەوە کە داوایان لە هاوڵاتیەکانیان کردووە ئۆکرانیا جێبهێڵن. ڕۆژی هەینی ئەمەریکا وتی داگیرکاری ئۆکرانیا دەکرێت لە هەر کاتێکدا بێت ڕووبدات و سەرەتا بە هێرشی ئاسمانی دەست پێدەکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG