وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن وتی هێزەکانی ئەمەریکا ناتوانن خەڵکەکە بگەیەننە فڕۆکەخانەی کابوڵ تاوەکو بگوازرێنەوە.
جێی ئاماژەیە خێرایی کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە لەکاتێکدا کە هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمەریکا دەکشانەوە، بووە هۆی بێسەروبەری لە فڕۆکەخانەی کابوڵ، ئەوەش دوای ئەوەی دیبلۆماتکاران و هاوڵاتیانی بیانی و ئەفغانیەکان بەخێرایی هەوڵیاندا بگەنە فڕۆکەخانەکە. بەڵام هەندێکیان بەهۆی خاڵە پشکنینەکانی چەکدارانی تاڵیبانەوە لە کابوڵ ناتوانن بگەنە فڕۆکەخانەکە.
ئۆستن بە ڕۆژنامەنووسانی وت " هەرچی لە تواناماندا بێت دەیکەین بۆ دابینکردنی ڕێڕەوێکی پارێزراو بۆ ئەو خەڵکانە تاوەکو بگەنە فڕۆکەخانەکە. لە توانامدا نیە بچمە دەرەوەی فڕۆکەخانەکە و ئەرکەکانمان فراوان بکەم بۆ ناو کابوڵ."
ئۆستن وتی نزیکەی 4500 سەربازی ئەمەریکی لە کابوڵ بوونیان هەیە و " هیچ بەریەککەوتنێکی دوژمنکارییانە لەگەڵ تاڵیباندا ڕووینەداوە، هەروەها هێڵەکانی پەیوەندییمان لەگەڵ تاڵیباندا بەکراوەیی دەمێننەوە."
وتیشی " ئەو هەواڵانەمان بیستووە خەڵک لە خاڵەکانی پشکنینەوە گەڕێندراونەتەوە، ئەوەمان بە تاڵیبان وتووە و پێمان وتوون ئەگەر ئەو کەسانەی دەیانەوێت بێنە فڕۆکەخانەکە بەڵگەنامە یاخود پێناسیان پێبێت ئەوا دەبێت ڕێگەیان پێبدرێت."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز