Accessibility links

هێزی پشتیوانی ئەمەریکا دەگاتە ڕۆمانیا


وەزارەتی بەرگری ڕۆمانیا ڕایگەیاند شەوی چوارشەممە هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەڵمانیاوە دەگەنە ڕۆمانیا، ئەوەش دەبێتە هۆی پتەوکردنی ڕۆژهەڵاتی وڵاتانی هاوپەیمانێتی ناتۆ لەبەرامبەر زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیادا.

ئەمەریکا 3000 سەربازی دیکە دەگوازێتەوە بۆ پۆڵەندا و ڕۆمانیا، ئەوەش بەمەبەستی پتەوکردنی بەرگریی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا. ئەو هێزانەشی ڕەوانەی ڕۆمانیا دەکرێن لە ئەڵمانیاوە دەگوازرێنەوە.

وەزارەتەکە وتی هێزە سەربازییەکەی ئەمەریکا کاتژمێر هەشتی ئێوارە دەگەنە ڕۆمانیا و دواتر بەڕێدەکەون بۆ بنکەی سەربازیی میهەیل کۆگالنیکیانۆ لە ڕۆژهەڵاتی شارۆچکەی کۆنستانا.

لە ساڵی 1999 ەوە ئەمەریکا بنکەی سەربازیی میهەیل کۆگالنیکیانۆی سەر دەریای ڕەش بەکاردەهێنێت، لە ڕۆمانیای ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ، سیستمی بەرگری موشەکی باڵیستیکیش جێگیرکراوە.

لە ئێستادا 300 سەربازی ئەمەریکی لە ڕۆمانیا بوونیان هەیە، ئەم هێزەش زیاد دەکرێتە سەر ئەوان، هەندێکیان وەکو بەشێک لە هێزەکانی هاوپەیمانێتی ناتۆ ڕەوانەی ئەو وڵاتە کراون، هەندێکی دیکەیان لەژێر ڕێکەوتنێکی جیای نێوان ڕۆمانیا و ئەمەریکادا ڕەوانەکراون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG