بەرپرسانی تەندروستی ئەمەریکا وتیان یەکەم حاڵەتی توشبوون بە جۆری ئۆمیکرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ویلایەتی کالیفۆرنیا تۆمارکراوە.
شارەزای باڵای نەخۆشیە گوازراوەکانی ئەمەریکا ئەنتۆنی فاوچی و ڕاوێژکاری تەندروستی سەرۆک جۆو بایدن لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانیان وت ئەو کەسەی کە توش بووە لە 22 ی مانگی یانزەدا لە ئەفریقای باشوورەوە گەڕاوەتەوە بۆ ئەمەریکا.
فاوچی وتی توشبووەکە نیشانەکانی کەم بوون و خۆی کوارەنتین کردووە و لە چاکبوونەوەدایە. وتیشی هەردوو بەشە ڤاکسینەکەشی وەرگرتووە، بەڵام هێشتا بەشی سێیەمی وەرنەگرتووە.
وتیشی ئەو کەسانەی کە بەرکەوتنیان لەگەڵ توشبووەکەدا هەبووە پشکنینیان بۆ کراوە و هەڵگری ڤایرۆسەکە نەبوون.
بە تۆمارکردنی ئەم حاڵەتەش، ئەمەریکا دەبێتە لانی کەم 24 ەمین وڵات کە جۆری ئۆمیکرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنای تیادا دەرکەوتبێت.
فاوچی وتی پێدەچێت لە دوو هەفتەی داهاتوودا توێژەرەوان بۆیان دەربکەوێت ئەم جۆرە نوێیەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تا چەندێک بە خێرایی دەگوازرێتەوە و تا چەندێکیش ئەو ڤاکسینانەی ئێستا هەن کاریگەرییان دژی ئۆمیکرۆن دەبێت. فاوچی و بەرپرسانی تەندروستی ئەمەریکا بەردەوامن لە هاندانی ئەو 60 ملیۆن هاوڵاتیەی ئەمەریکا کە ڤاکسینیان وەرنەگرتووە، وەریگرن، داواشیکرد ئەوانەی دوو بەشی ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە ئەگەر دەتوانن بەشی سێیەمیش وەربگرن.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا