Accessibility links

بلینکن: ئەمەریکا و ئەوروپا تاوتوێی قەدەغەکردنی هەناردەی نەوتی ڕووسیا دەکەن


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن وتی ئەمەریکا و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی تاوتوێی قەدەغەکردنی هەناردەی نەوتی ڕووسیا دەکەن، بەڵام جەختیشی لە گرنگی پاراستنی جێگیریی ئەو بڕە نەوتە کردەوە کە لە سەرانسەری جیهاندا دابین دەکرێت.

بلینکن لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ پڕۆگرامێکی کەناڵی ئێن بی سیدا وتی " لە ئێستادا گفتوگۆیەکی زۆر چالاکمان لەگەڵ هاوبەشە ئەوروپییەکانماندا هەیە سەبارەت بە قەدەغەکردنی هەناردەی نەوتی ڕووسیا بۆ وڵاتەکانمان، هاوکات بێگومان دەمانەوێت جێگیریی ئەو بڕە نەوتەی لە سەرانسەری جیهاندا دابین دەکرێت بپارێزین."

بلینکن کە لە ئێستادا سەردانی ئەوروپا دەکات بەمەبەستی هەماهەنگیکردن لەگەڵ هاوبەشەکانی ئەمەریکادا دژی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، ئاماژەشی بەوەدا ڕۆژی شەممە لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و بەڕێوبەرایەتیەکەشیدا تاوتوێی ئەو بابەتەیان کردووە.

دوابەدوای داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، ئەمەریکا سزای سەپاند بەسەر هەناردەکردنی تەکنەلۆجیاکان بۆ پاڵاوگەکانی ڕووسیا و پڕۆژەی نۆرد ستریم 2 کە هێشتا چالاک نەکراوە. تاوەکو ئێستا سزای نەسەپاندووە بەسەر هەناردەکردنی نەوت و گازی ڕووسیدا.

کاتێک سەبارەت بەوەی ئایا ئەمەریکا بەنیاز نیە بەشێوەیەکی تاکلایەنانە هەناردەی نەوتی ڕووسی قەدەغە بکات، بلینکن وتی " ئەوە بەدوور نازانم، لەبەرامبەر ئەوەی ئەوان دەیکەن، بەڵام هەموو ئەو شتانەی کردوومانە سەرەتا بە هەماهەنگی بووە لەگەڵ هاوپەیمان و هاوبەشەکانماندا."

بلینکن وتیشی کۆمەڵێک ڕێوشوێنی دیکە هەن کە ئەمەریکا بیرییان لێدەکاتەوە تاوەکو فشارەکانی سەر ڕووسیا زیاتر بکات، بەڵام هیچ وردەکارییەکی نەدا لەسەر ئەو ڕێوشوێنانە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG