Accessibility links

ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا بەنیازن سەپاندنی سزای دیکە بەسەر ڕووسیادا ڕابگەیەنن


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان وتی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لەمیانەی گەشتەکەی ئەم هەفتەیەیدا بۆ ئەوروپا، دەچێتە پاڵ هاوپەیمانانەوە بۆ سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ڕووسیادا، هەروەها بۆ توندترکردنەوەی ئەو سزایانەی کە پێشتر سەپێندراون بەسەر مۆسکۆدا.

ڕۆژی چوارشەممە سەرۆک بایدن بە هاوەڵی وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن سەردانی بڕۆکسل دەکات کە بارەگاکانی هاوپەیمانێتی ناتۆ و یەکێتی ئەوروپای لێیە، لەمیانەی سەردانەکەیدا لەگەڵ ڕابەرانی هاوپەیمانێتی ناتۆ و یەکێتی ئەوروپادا کۆدەبێتەوە. دواتر بەنیازە سەردانی پۆڵەندا بکات، ئەوەش وەکو دەرخستنی پشتیوانی ئەمەریکا بۆ پۆڵەندای هاوپەیمانی کە سنووری لەگەڵ ئۆکرانیادا هەیە.

سۆلیڤان وتی سەرۆک بایدن لەگەڵ هاوپەیماناندا کاردەکات بۆ دەستکاریکردنی پێگەی هێزەکانی ناتۆ و " کارێکی هاوبەش " ڕادەگەیەنێت بۆ پەرەپێدانی ئاسایشی وزە لە ئەوروپادا.

سۆلیڤان بە ڕۆژنامەنووسانی وت " سەرۆک بایدن دەرفەتێکی دەبێت تاوەکو هەماهەنگی بکات لەسەر هەنگاوەکانی دواتر لە یارمەتییە سەربازییەکان بۆ ئۆکرانیا. لەگەڵ هاوبەشەکانماندا بەشدار دەبێت لە سەپاندنی سزای دیکە بەسەر ڕووسیادا و پتەوترکردنی ئەو سزایانەی کە پێشتر بەسەر ڕووسیادا سەپێندراون."

سەرۆک بایدن یارمەتی دیکە ڕادەگەیەنێت بۆ کەمکردنەوەی قەیرانە مرۆییەکانی پەنابەران و دانیشتوانی ناوخۆی ئۆکرانیا، کە زۆرینەیان لە شارە گەمارۆدراوەکانی ئۆکرانیادا گیرییان خواردووە.

دوای سەردانەکەی بۆ بڕۆکسل، سەرۆک بایدن سەردانی پۆڵەندا دەکات و " سەردانی هێزەکانی ئەمەریکا دەکات کە لە ئێستادا لە پۆڵەندان بەمەبەستی بەرگریکردن لە ناوچەکانی هاوپەیمانێتی ناتۆ." دواتریش لەگەڵ ئەو شارەزایانەدا کۆدەبێتەوە کە ڕۆڵیان هەیە لە دابینکردنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ئۆکرانیا. سەرۆک بایدن لەگەڵ سەرۆکی پۆڵەندا ئاندرێ دوداشدا کۆدەبێتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG