ڕۆژی هەینی ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا گرێبەستێکیان ئاشکرا کرد کە تیایدا ئەمەریکا گازی سروشتی شلکراو بۆ یەکێتی ئەوروپا دابین دەکات، ئەمەش لەکاتێکدا کە یەکێتی ئەوروپا کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی کەمکردنەوەی پشتبەستنیان بە سوتەمەنی ڕووسیا.
گرێبەستەکە لەمیانەی سەردانەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدندا بۆ بڕۆکسل ڕاگەیەندرا، ڕۆژێک دوای ئەوەی هاوپەیمانان لە بڕۆکسل سێ کۆبوونەوەیان ئەنجامدا و تیایدا سەرکۆنەی داگیرکارییەکەی ڕووسیایان کرد لە ئۆکرانیا و یارمەتی زیاترییان بۆ کێیڤ ڕاگەیاند.
داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا نرخی سوتەمەنی لە یەکێتی ئەوروپا زیادکردووە و یەکێتیەکەی ناچار کردووە هەوڵ بدات تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ دوو لەسەر سێی گازی ڕووسیا ببڕێت، ئەوەش لەڕێی زیادکردنی هاوردەکردنی گازەوە لە وڵاتانی دیکەوە.
کۆشکی سپی وتی " ئەمەریکا لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانماندا کاردەکات بۆ ئەوەی دڵنیاببێتەوە لەوەی بڕێکی زیاتر لە گازی سروشتی شلکراو ڕەوانەی بازاڕەکانی یەکێتی ئەوروپا بکات."
ڕووسیا لە سەدا 40 ی گاز و کەمتر لە نیوەی نەوتەکەی ئەوروپا دابین دەکات، ئەو وڵاتانەی ئەوروپا کە زۆرترین گاز و نەوت لە ڕووسیا دەکڕن و پشتی پێدەبەستن، بۆ نموونە ئەڵمانیا، دودڵن لەوەی هەنگاوێک بگرنەبەر کە کاریگەرییەکی گەورەی ئابووری لێبکەوێتەوە.
لە ئێستادا دابەشبوونێک هەیە لە یەکێتی ئەوروپادا سەبارەت بەوەی گەمارۆ بخرێتەسەر وزەی ڕووسیا یاخود نا، ئەمەش سەرەڕای ئەو سزا ئابوورییە گەورانەی کە پێشتر سەپێندراون بەسەر ڕووسیادا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز