Accessibility links

سەرچاوەکان: ڕۆژی هەینی بەرپرسانی ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا تاوتوێی ئێران دەکەن


سێ سەرچاوەی دیبلۆماتی وتیان ڕۆژی هەینی نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئێران لەگەڵ دیبلۆماتکارانی فەڕەنسا و ئەڵمانیا و بەڕیتانیا لە پاریس کۆدەبنەوە، مەبەست لە کۆبوونەوەکەش تاوتوێکردنی ئەو هەوڵانەیە کە دەدرێن تاوەکو ئێران بگەڕێتەوە سەر گفتوگۆکان سەبارەت بە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنە ناوەکیەکەی ساڵی 2015.

لەکاتێکدا چەند هەفتەیەک دەبێت ئێران دەڵێت " بەمزووانە " دەگەڕێتەوە سەر گفتوگۆکان لە ڤییەنا، هێشتا ئێران ئاماژەی بە کاتی گەڕانەوەکەی نەداوە.

لە ساڵی 2018 دا سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ڕێکەوتنە ناوەکیەکەی ساڵی 2015 ی نێوان ئێران و ئەمەریکا و ڕوسیا و چین و بەڕیتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیادا کشایەوە و سەرجەم سزاکانی سەپاندەوە بەسەر تاراندا. لەلای خۆشیەوە ئێران کۆمەڵێک لە بەرپرسیارێتیە سەرەکیەکانی لە ڕێکەوتنەکەدا پشتگوێ خستووە.

سەرچاوە دیبلۆماتیەکان کە نەیانویست ناویان ئاشکرا بکەن وتیان نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئێران ڕۆب ماڵێی لەگەڵ بەڕێوبەرە سیاسیەکانی وەزارەتی دەرەوەی هەریەک لە بەڕیتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیادا کۆدەبێتەوە، گروپەکە بە ئی 3 ناسراوە و ڕۆژی هەینی لە پاریس کۆدەبنەوە.

یەکێک لە سەرچاوەکان وتی هیوادارە کۆبوونەوەکە بەرچاو ڕوونیەک بدات لەسەر ئەوەی لە هەفتەکانی داهاتوودا چۆن مامەڵە بکەن ئەگەر هاتوو ئێران " بەردەوام بوو لە کڕینی کات " و دواخستنی گەڕانەوەی بۆ گفتوگۆکانی ڤییەنا. بەرپرسانی ئەمەریکاش دەڵێن خەریکە کاتەکە بەسەر دەچێت بۆ زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنەکە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG