Accessibility links

ئەمەریکا و بەڕیتانیا و یەکێتی ئەوروپا ڕووسیا لە سیستمی سویفتی بانکی دەردەکەن


ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی هەوڵیاندا ئابووری و سیستمە بانکییەکانی ڕووسیا بکەنە ئامانج، ئەوەش لەڕێی دەرکردنی ڕووسیاوە لە سیستمی سویفتی نێودەوڵەتی کە تۆڕێکی نێودەوڵەتی خێرا و پارێزراوە بۆ گواستنەوەی پارە و زانیارییە بانکیەکان لەنێوان بانکەکانی سەرانسەری جیهاندا.

بەرپرسێکی باڵای بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆک بایدن وتی " حکومەتەکەی پوتن لە سیستمی دارایی نێودەوڵەتی دەردەکرێتە دەرەوە. ئەمە دەرەنجامێکی قورسە بۆ سەر گەلی ئۆکرانیا و ڕووسیا و زۆرێکی دیکەش. ئێمە نەمان دەویست بگەین بەمە، بەڵام ئەم جەنگە پوتن هەڵیبژاردووە، تەنها پوتنیش دەتوانێت بڕیار لەسەر ئەوە بدات تا چەندێکی تر دەیەوێت بەرگەی باجەکەی بگرێت. ئەمەریکا و هاوپەیمان و هاوبەشەکانمان یەکگرتووین لە بەردەوام بوون لە سەپاندنی سزاکاندا."

بڕیارەکە بۆ دەرکردنی دامەزراوە ڕووسییەکان لە سیستمی سویفتی نێودەوڵەتی، بە هەماهەنگی بووە لەگەڵ کۆمسیۆنی ئەوروپا و بەڕیتانیا و کەنەدا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و ئیتاڵیادا. لە بەیاننامەیەکدا وتیان " لیستی سزاکان مەبەست لێی ئەوەیە ڕووسیا بە بەرپرس دابندرێت و بە کۆمەڵ دڵنیا ببینەوە لەوەی ئەم جەنگە شکستێکی ستراتیژی دەبێت بۆ پوتن."

لە بەیاننامەکەدا وتیشیان " لەکاتێکدا هێزەکانی ڕووسیا هێرش دەکەنە سەر کیێڤ و شارەکانی دیکەی ئۆکرانیا، ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی بەردەوام بین لە سەپاندنی سزا بەسەر ڕووسیادا کە دەبنە هۆی گۆشەگیرکردنی ڕووسیا لە سیستمی دارایی نێودەوڵەتی و ئابوورییەکانمان. لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەم سزایانە جێبەجێ دەکەین."

هاوپەیمانان بەڵێنی گرتنەبەری کۆمەڵێک ڕێوشوێنی دیکەشیاندا، لەوانەش " کۆمەڵێک ڕێوشوێنی توند کە ڕێگە لە بانکی ناوەندی ڕووسیا دەگرێت لە ڕەوانەکردنی یەدەگە نێودەوڵەتیەکانی، گرتنەبەری کۆمەڵێک هەنگاو بۆ دڵنیا بوونەوە لەوەی پاسپۆرتی بیانی نەدرێت بە دەوڵەمەندە ڕووسیەکان، بە ئامانجکردنی بەرپرسە دەوڵەمەندەکانی ڕووسیا و زیادکردنی هەماهەنگییەکان دژی بڵاوکردنەوی زانیاری هەڵە و شێوەکانی دیکەی جەنگی دووڕەگی."

بەرپرسەکەی ئەمەریکا وتی دەرکردنی بانکەکانی ڕووسیا لە سیستمی سویفت، دەستبەجێ لە مۆسکۆ هەستی پێدەکرێت، وتیشی واشنتن ئامادەیە هەنگاوی زیاتر بگرێتەبەر ئەگەر مۆسکۆ بەردەوام بێت لە کارەکانی.

وتی " ئەوەی ئێمە لێرەدا دەیکەین ئەوەیە بانکی ناوەندی ڕووسیا بێ چەک بکەین، بۆ ئەوەی ئەوە بکەین، دەبێت ڕێگە نەدەین لە ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا و بەڕیتانیاوە دراوی ڕوبڵی ڕووسی بفرۆشرێت بە بانکی ناوەندی ڕووسیا. ئەوەش زۆر بە سادەیی مانای ئەوەیە بانکی ناوەندی چیتر ناتوانێت پشتیوانی لە ڕوبڵ بکات. ئەوەش مانای ئەوە دەگەیەنێت سزاکان هێزێکی زۆر گەورەتریان دەبێت. ڕێوشوێنی دیکەش هەن کە دەتوانین دژی بانکی ناوەندی ڕووسیا بیانگرینەبەر، دواتر لە بارەیانەوە دەیبیستن."

جێی ئاماژەیە ڕۆژی هەینی ئەمەریکا ڕایگەیاند سەرمایەکانی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن و وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگەی لاڤرۆڤ سڕدەکات، ئەمەش دوابەدوای هەنگاوێکی هاوشێوە لە یەکێتی ئەوروپا و بەڕیتانیاوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG