بەرپرسێکی باڵای بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن دەڵێت نوێنەری ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست برێت مکگۆرک لەم هەفتەیەدا سەردانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات بە مەبەستی گفتوگۆکان بۆ ئازادکردنی ئەو بارمتانەی کە لەلایەن حەماسەوە لە غەززە گیراون.
بەرپرسەکە وتی مکگۆرک کە پێشتر بەشداری لە گفتوگۆکاندا کردووە، ڕۆژی چوارشەممە سەردانی میسڕ دەکات و ڕۆژی پێنجشەممەش سەردانی ئیسڕائیل دەکات.
کۆبوونەوەکان نوێترین هەوڵەکانی نێوان ئەمەریکا و قەتەڕ و ئیسڕائیلن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بۆ وەستانی شەڕەکەی ناو غەززە و ئازادکردنی زیاتر لە 100 بارمتە کە چەکدارانی حەماس لە هێرشەکانی 7 ی مانگی 10 دا بۆ سەر ئیسڕائیل دەستگیریکردن.
لە هەمان کاتدا ئەمەریکا پێشنیاری پڕۆژە بڕیارێکی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کردووە کە تێیدا داوای ئاگربەستێکی کاتی دەکات لە جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسدا و دژایەتی هێرشی زەمینی گەورەی ئیسڕائیل دەکات بۆ سەر ڕەفەح، ئەمەش دوای ئەوەی ئاماژەی بەوەدا ڤیتۆ دژی پڕۆژە بڕیارێکی جەزائیر بەکاردەهێنێت و وتی پڕۆژە بڕیارەکەی جەزائیر دەکرێت گفتوگۆکان بخاتە مەترسییەوە.
ئەمەریکا کاتێکی دیاری نەکردووە بۆ پێشکەشکردنی پڕۆژە بڕیارەکەی لە ئەنجومەنی ئاسایشدا. بەرپرسێکی باڵای بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکا وتی ئەمەریکا کات دەدات بە ئەنجومەنەکە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دەقەکە و هیچ پلانێکی نیە بۆ ئەوەی داوا بکات بە زوویی دەنگدانی لەسەر بکرێت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
برێت مکگۆرک سەردانی میسڕ و ئیسڕائیل دەکات بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە بارمتەکان
