Accessibility links

بەرپرسێکی ئەمەریکا: ڕووسیا بەنیازە ئۆکرانیا لە نەخشەی جیهان بسڕێتەوە


باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت نابێت هیچ گومانێک لەوەدا هەبێت کە ڕووسیا بەنیازی ئەوەیە ئۆکرانیا هەڵبوەشێنێتەوە و " بەتەواوەتی لەسەر نەخشەی جیهان بیسڕێتەوە."

باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان لیندا تۆماس گرینفیڵد بە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانی وت ئەمەریکا ئاماژەی زیاتر و زیاتر دەبینێت لەسەر ئەوەی کە ڕووسیا ئامادەکاری دەکات بۆ گرتنی سەرانسەری هەرێمەکانی دۆنێتسک و لوهانسکی ڕۆژهەڵات و خێرسۆن و زاپۆریژای باشووری ئۆکرانیا، هەروەها " بەرپرسی نایاسایی خۆی لەو ناوچانەشدا داناوە کە داگیریکردوون، ئامانجی ئەمەش ئەوەیە ڕێفراندۆم لەو ناوچانەدا بکات تاوەکو بیانخاتە پاڵ ڕووسیا."

وتیشی " تەنانەت وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤیش وتی ئەمە ئامانجی ڕووسیایە."

ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو لاڤرۆڤ لە کۆبوونەوەیەکدا لە قاهیرە وتی ئامانجی سەرەکی مۆسکۆ لە ئۆکرانیا ئازادکردنی خەڵکەکەیەتی لە " ڕژێمێکی پەسەند نەکراو."

لاڤرۆڤ وتی " بەدڵنیاییەوە یارمەتی ئۆکرانییەکان دەدەین ڕزگارییان بێت لەو ڕژێمە، کە بێگومان دژ بە گەل و مێژووە."

جێگری باڵیۆزی ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دمیتری پۆلیانسکی بە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وت " لەناوبردنی نازییەکانی ئۆکرانیا و توانا سەربازییەکانی ئەو وڵاتە بەتەواوەتی جێبەجێ دەکرێت."


وتی " نابێت چیتر لەم قۆناغەدا هەڕەشە هەبێت بۆ سەر دۆنباس و ڕووسیا و ئەو ناوچانەی ئۆکرانیاش کە ئازادکراون و بۆ یەکەمین جار دوای چەند ساڵێک خەڵکەکەیان لە کۆتاییدا دەتوانن هەست بەوە بکەن دەتوانن چۆنییان بوێت بەوشێوەیە بژین."

بەپێی بەرپرسانی ئۆکرانیا و ڕووسیا، نزیکەی 2 ملیۆن ئاوارەی ئۆکرانی ڕەوانەی ڕووسیا کراون. ئۆکرانیا دەڵێت خەڵکەکە بە ناچاری گواستراونەتەوە بۆ ڕووسیا و بە تاوانی جەنگی دەزانێت. ڕووسیاش دەڵێت گواستنەوەی قوربانییانی جەنگ کە بە زمانی ڕووسی قسە دەکەن بۆ ڕووسیا ئەرکێکی مرۆییە و خۆشیان سوپاسگوزارن کە نیشتیمانێکی نوێیان دۆزیوەتەوە.

تۆماس گرینفیڵد وتی " نەتەوە یەکگرتووەکان زانیاری هەیە کە بەرپرسانی بەڕێوبەرایەتی سەرۆکایەتی ڕووسیا سەرپەرشتی ئەرکەکانی فیلتەرکردنی هاوڵاتیان دەکەن."

پۆڵیانسکی وەڵامی ئەوەی دایەوە و وتی سەرەڕای هەوڵەکانی ئۆکرانیا بۆ ترساندنی دانیشتوانەکەی، " خەڵکەکە خۆیان ئەو وڵاتە هەڵدەبژێرن کە متمانەیان پێیەتی، ئەویش ڕووسیایە."

سەرچاوە/ ئەسۆشیەتد پرێس

XS
SM
MD
LG