Accessibility links

نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئەفریقا واز لە پۆستەکەی دەهێنێت


نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئەفریقا جێفری فێڵتمان
نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئەفریقا جێفری فێڵتمان

نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئەفریقا جێفری فێڵتمان لەم مانگەدا واز لە پۆستەکەی دەهێنێت، ئەوەش دوای زیاتر لە 9 مانگ لە کارکردن لەو پۆستەدا.

سێ سەرچاوەی نزیک لە بابەتەکەوە بە ڕۆیتەرزیان وت دەیڤد ساتەرفیڵدی باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ تورکیا ئەو پۆستە وەردەگرێت.

فێڵتمان کە دیبلۆماتکارێکی کۆنی ئەمەریکایە، لە مانگی چواردا ئەو پۆستەی وەرگرت و بەزوویی بۆی دەرکەوت کە کەوتۆتە ناوەڕاستی دوو قەیرانی گەورەوە، یەکێکیان خراپتربوونی شەڕی ناوخۆی ئیسیوپیا لەنێوان هێزەکانی تیگرای و هێزەکانی حکومەتی ئیسیوپیا، ئەوی دیکەیان کودەتا سەربازییەکەی مانگی 10 ی سودان.

هەواڵی وازهێنانی لە پۆستەکە لە ماوەی ڕابردوودا باسی لێوە نەکراوە، وابڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە فێڵتمان سەردانی ئیسیوپیا بکات و لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی ئەو وڵاتەدا کۆببێتەوە و تاوتوێی گفتوگۆکانی ئاشتی بکەن، ئەوەش وەکو بەشێک لە هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی ناوخۆی ئیسیوپیا.

بەپێی سەرچاوەیەکی نزیک لە بابەتەکەوە، فێڵتمان کاتێک پۆستەکەی وەرگرتووە ویستویەتی بۆ کەمتر لە ساڵێک لەو کارەدا بمێنێتەوە. سەرچاوەکە وتی ساتەرفیڵد بەردەوامی بە هەوڵەکانی ئەمەریکا دەدات کە پێویستن بۆ کێشە و قەیرانەکانی ناوچەکە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕەتی کردەوە لێدوان لەسەر بابەتەکە بدات.

فێڵتمان ڕووبەڕووی قورسایی زۆر بۆتەوە، لەوانەش شەڕی نێوان حکومەتی ئیسیوپیا و هێزەکانی تیگرای کە بە یەکێک لە خوێناویترین ململانێکانی ئەفریقا دادەنرێت، لەکاتێکدا بەهۆی ئەو شەڕەوە کە ماوەی ساڵێکە بەردەوامە هەزاران هاوڵاتی مەدەنی کوژراون و ملیۆنان کەسی دیکەش ئاوارەبوون و بووەتە هۆی کەوتنەوەی برسێتیش لە وڵاتەکەدا.

لە سودانیش خۆپیشاندانەکان بەردەوام بوون، تەنانەت دوای دەست لەکارکێشانەوەی سەرۆک وەزیری سودان عەبدوڵا حەمدۆکیش. حەمدۆک لە ساڵی 2019 دا بووە سەرۆک وەزیری وڵاتەکە تاوەکو کودەتا سەربازییەکە، دواتر لە مانگی یانزەی ساڵی ڕابردوودا دووبارە وەکو سەرۆک وەزیری وڵاتەکە دەستنیشانکرایەوە، ئەوەش بە ڕێکەوتنی نێوان سوپا و هێزە سیاسییە مەدەنییەکانی وڵاتەکە، ڕێکەوتنەکەش لەلایەن هاوڵاتیانی وڵاتەکەوە ڕەت کرایەوە.

لەلایەکی دیکەوە ساتەرفیڵد ئەزموونێکی زۆری هەیە لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکادا و زیاتر لە 40 ساڵ ئەزموونی لەو بوارەدا هەیە، باڵیۆزی ئەمەریکایە بۆ تورکیا و لەو کارەیدا ڕووبەڕووی قورسایی بۆتەوە بەهۆی خراپبوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و تورکیاوە.

بەرلە تورکیا، ساتەرفیڵد لە سعودیە و لوبنان و تونس و سوریا و کۆمەڵێک وڵاتی دیکەدا کاریکردووە، بۆ دووجاریش دیبلۆماتکاری باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بووە بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG