Accessibility links

ئەمەریکا: پلانمان نیە بۆ داخستنی باڵیۆزخانەکەمان لە ئەفغانستان


باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئەفغانستان وتی ئەمەریکا " پلانی نیە بۆ داخستنی باڵیۆزخانەکەی "، ئەمە لەکاتێکدایە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لەو وڵاتە گەیشتۆتە قۆناغی کۆتایی و هێرشەکانی تاڵیبانیش بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچەی زیاتر لە سەرانسەری وڵاتەکەدا زیادیکردووە.

ئەم ڕاگەیاندنەی ئەمەریکا دوای ئەوە هات هەواڵ هەبوون لەسەر ئەوەی واشنتن ئامادەکاری دەکات بۆ هێنانە دەرەوەی بەپەلەی کارمەندە دیبلۆماتییەکانی لە کابوڵ.

باڵیۆزخانەکە لە تویتەر نوسیویەتی " باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە کابوڵ کراوەیە و بەکراوەیش دەمێنێتەوە، هەروەکو چۆن سەرۆک بایدن فەرمانی کردووە. ئێمە بەردەوام دەبین لە بە‌هێزکردنی بوونی دیبلۆماتیمان لە کابوڵ، ئەوەش بەمەبەستی جێبەجێکردنی کۆمەڵێک کار لەگەڵ حکومەت و خەڵکی ئەفغانستاندا. هیچ پلانێکمان نیە بۆ داخستنی باڵیۆزخانەکە."

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەدراوە باڵیۆزخانەکە ئاگاداری ئەو كێشە ئەمنیانەیە کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە لەماوەی کارکردنیان لە وڵاتەکەدا و ئاماژە بەوە دەدات " هەمیشە پلانی بەپەلە دادەنێین و کاردەکەین لەسەر چۆنێتی کەمکردنەوەی مەترسییەکانی سەر خەڵک و پڕۆگرامەکەمان."

هەروەها دەڵێت " باڵیۆزخانەکە بەپێی پێویست بوونمان لە وڵاتەکەدا دەگونجێنێت " تاوەکو ڕووبەڕووی کێشەکان ببێتەوە، هەروەها متمانەی بەوە هەیە دەتوانێت " بەشێوەیەکی پارێزراو کار بکات لە سوودی ئەفغانستان و پەیوەندییە دوو قۆڵییەکاندا بێت."

" وەکو سەرۆک بایدن و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن وتیان، لەکاتێکدا هێزەکانی ئەمەریکا ئەفغانستان جێدەهێڵن، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە ئەرکە دیبلۆماتی و مرۆییەکانمان و هەروەها بەردەوام دەبێت لە پڕۆگرامەکانی یارمەتیدانی ئەفغانستان لەڕووی ئاسایشەوە."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG