Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جەخت لەسەر گرنگی پەیوەندیـیەکانی نێوان وڵاتەکەی و میسر دەکاتەوە


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت پەیوەندیـیەکانی نێوان واشنتن و قاهیرە ستراتیژین و سوپاسی میسر کرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی تێرۆرزم و ئەو ڕۆڵە ئەرێنیەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەیبینێت.

مایک پەمپـێیۆ ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە قاهیرە لەگەڵ عەبدولفەتاح ئەلسیسی سەرۆکی میسر کۆبووەوە و لەم بارەیەوە لە تویتەرەکەی نووسیویەتی ئەمەریکا لە پاڵ میسردایە لە چوارچێوەی وابەستەبوونی بە پاراستنی ئازادی ئاینی و شەڕی دژی تێرۆرزم کە هەڕەشەیە بۆ سەر هەموو دۆستەکانمان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

پاشان پەمپـێیۆ لەگەڵ سامح شوکری وەزیری دەرەوەی میسر کۆبووەوە ولە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵیدا گوتی ئەمەریکا پشتیوانی لەو چاکسازیـیانە دەکات کە سەرۆکی میسر لە بواری ئابوری وڵاتەکەی ئەنجامی دەدات و هەروەها پشتیوانی لەو هەوڵانەشی دەکات لە بواری ئازادی ئاینی.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەم سەردانەشی ئاماژەی بە هەڕەشەکانی ئێران کرد و داوای لە وڵاتانی ناوچەکە کرد ناکۆکیـیەکانیان وەلاوەبنێن و سەنگی بخەنە سەر ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران.

دواتر لە زانکۆی ئەمەریکی لە قاهیرە وتارێکی پـێشکەشکرد و گوتی ئەمەریکا هێزێکی خێرخوازە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەرگیز وڵاتێکی داگیرکەر نەبووە. لە بەشێکی وتارەکەی ڕەخنەی توندنی لە بەڕێوەبەرایەتی سەرۆکی پـێشووی ئەمەریکا براک ئۆباما گرت و گوتی ڕێبازێکی هەڵەی گرتبووەبەر.

XS
SM
MD
LG