قاهیرە مەخابنی خۆی دەربڕی لە بەرامبەر ئەو بڕیارەی واشنتن داویەتی بۆ ڕاگرتنی هەندێـک لە یارمەتیـیە دارایـیەکانی بۆ حکومەتی میسر لە چوارچێوەی بەرنامەی یارمەتیـیەکانی ئەمەریکا بۆ میسر.
وەزارەتی دەرەوەی میسر ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەیانـنامەیەکدا گوتی" ئەم بڕیارە نیشانەی هەڵە هەڵسەنگاندنی ئەو پەیوەندیـیە ستراتیژیـیانەیە کە بە درێژایی دەیان ساڵ لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەن. هەروەها ڕەچاوی قەبارە و سروشتی ئەو گرفتە ئابوری و ئاسایشیـیانە نەکراون کە ڕووبەڕووی خەڵکی میسر دەبنەوە."
پاشان وەزارەتەکە دەڵێت ئەم بڕیارەی واشنتن ئاکامی خراپی دەبێت بەسەر بەدیهێنانی ئەو ئامانجە هاوبەشانەی لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەن.
جێی ئاماژەیە ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرز ڕۆژی سێشەممە لە ڕاپـۆرتێـکیدا بڵاویکردەوە، بەپـێی دوو سەرچاوەی ئاگادار بەڕێوەبەرایەتی ئەمەریکا بڕیاری داوە یارمەتیـیە دارایـیەکانی بۆ میسر بە بڕی نزیکەی 290 ملیۆن دۆلار ڕابگرێت، ئەمەش لە بەرامبەر پـێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی.
بەپـێی ئەو دوو سەرچاوەیە 95.7 ملیۆن دۆلاری ڕادەگیرێت و 195 ملیۆن دۆلاریشی دوادەخرێت. باسیشیان لەوە کردووە ئەمەریکا خوازیارە لە بواری هاوکاری ئاسایشی لەگەڵ میسر بەردەوامبێت، بەڵام لە هەمان کاتدا هەڵوێستی میسر لە بەرامبەر ئازادیـیە سیڤیلیـیەکان ڕەتدەکاتەوە. ئاماژەیان بۆ پـرۆژە یاسایەکی نوێی میسر کرد کە بڕیارە دەربکرێت بۆ ڕێکخستنی کاری ڕێکخراوە سیڤیلیـیەکان، دەڵێن ئەمە بەشێکە لە هەوڵەکانی دەسەڵاتدارانی میسر بۆ سەرکوتکردنی ئۆپـۆزسیۆن.