بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕایگەیاند بایکۆتی دیبلۆماتی ئۆڵۆمپیادی ساڵی 2022 ی پەکین دەکەن.
وتەبێژی کۆشکی سپی جێن ساکی بە ڕۆژنامەنووسانی وت " بەڕێوبەرایەتیەکە هیچ دیبلۆماتکارێک یاخود نوێنەرایەتیەکی فەڕمی ڕەوانەی یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد ناکات." ئەوەش بەهۆی " بەردەوامبوونی چین لە جینۆساید کردن و ئەنجامدانی تاوان دژ بە مرۆڤایەتی لە شینگیانگ و پێشێلکارییەکانی دیکەی لە مافەکانی مرۆڤدا."
بایکۆتی دیبلۆماتی مانای ئەوە دەگەیەنێت هیچ بەرپرسێکی ئەمەریکا ئامادەی یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی پەکین نابن، بەڵام تیمی وەرزشەوانانی ئەمەریکا ڕێگەیان پێدەدرێت بەشداری بکەن.
ساکی وتی " پشتیوانی تەواوی وەرزشەوانانی تیمی ئەمەریکا دەکەین، لە سەدا 100 لە پشتیان دەبین و لە وڵاتی خۆمانەوە هانیان دەدەین."
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا