ناوەندەکانی ڕێگریکردن و کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییەکانی ئەمەریکا " سی دی سی" دەڵێت جۆری JN.1 ی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرپرسە لە %62 ی حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمەریکادا.
وتیشی JN.1 کە لە BA.2.86 ەوە دروست بووە، ئێستا لە هەموو جۆرەکانی دیکە زیاتر لە جیهان و ئەمەریکا و ئەوروپاشدا بەربڵاوترە. هەروەها لە ئاسیاشدا لە زیادبوونێکی بەرچاودایە.
ناوەندەکە دەڵێت تاوەکو 23 ی مانگی دوانزە ڕێژەی حاڵەتەکانی توشبوون بەو جۆرە لە نێوان %39 بۆ %50 بووە، بەڵام تاوەکو پێنجی مانگی یەک ڕێژەکە بەرز بووەتەوە بۆ %55 بۆ %68 .
هەروەها ئاماژەشی بەوەداوە لە ئێستادا هیچ بەڵگەیەک نیە لەسەر ئەوەی جۆری JN.1 توندتر بێت لە جۆرەکانی دیکە و وتی ڤاکسینەکانی ئێستا پێشبینی دەکرێت کاریگەرییان دژی JN.1 هەبێت.
وتیشی لە کۆتایی هەفتەی ساڵی ڕابردوودا تاوەکو 30 ی مانگی دوانزە ڕێژەی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و گواستنەوەی توشبووان بۆ نەخۆشخانە %20.4 زیادیکردووە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز