Accessibility links

سەرۆک لیژنەکانی کۆنگرێسی ئەمەریکا هۆشیاری دەدەنە تورکیا سەبارەت بە کڕینی سیستمی بەرگری ڕوسی


سیستمی بەرگری موشەکیی ئێس 400 ی ڕوسی

بەرپرسانی باڵای هەردوو لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و هێزە چەکدارەکانی کۆنگرێسی ئەمەریکا هۆشیاریاندایە تورکیا و وتیان خۆی دەخاتە بەردەم مەترسی ڕووبەڕووبوونەوەی سزای توندەوە ئەگەر هاتوو بەردەوام بێت لە پلانەکانی بۆ کڕینی سیستمی بەرگری موشەکیی ڕوسی ئێس 400، هەروەها هەڕەشەی گرتنەبەری ڕێوشوێنی دەرکردنی یاسای زیاتریان کرد دژ بە تورکیا.

هەردوو سەرۆکی لیژنەکان، جیم ڕیچ و جیم ئینهۆڤی کۆماری و جێگرەکانیان بۆب مێنیندێز و جاک ڕیدی دیموکراتەکان لە نوسراوێکدا لە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزدا دەڵێن " هەتاکو کۆتایی ئەم ساڵ تورکیا یان ئەوەتا فڕۆکەی ئێف 35 ی پێشکەوتووی دەبێت یاخود سیستمی بەرگری ڕوسی ئێس 400، ناتوانێت هەردوکیانی دەست بکەوێت."

سەرۆک لیژنەکانی کۆنگرێس دەسەڵاتیان هەیە بۆ وەستاندنی فرۆشتنی چەکی گەورە بە دەرەوە و هەروەها دانانی یاسایەک کە تیایدا سزای تورکیا دەدات ئەگەر سیستمی ئێس 400 ی ڕوسی بکڕێت.

دوو سەرۆکەکە وتیان تورکیا لەوانەیە بەپێی یاسای ئەمەریکی ڕووبەڕووی سزا ببێتەوە ئەگەر سیستمە ڕوسیەکە بکڕێت.

وتیشیان " سزاکان بە توندی زیان بە ئابووری تورکیا دەگەیەنن و بازاڕەکانی جیهان بێزار دەکەن و بەربەست دەخەنە بەردەم پیشەسازی فڕۆکە و بەرگری لە تورکیا."

واشنتن دەڵیت کڕینی سیستمی بەگری موشەکی ئێس 400 ی ڕوسی زیان بە پارێزراوی فڕۆکە ئێف 35 ەکانی دەگەیەنێت کە کۆمپانیان لۆکهێد مارتن بەرهەمی دەهێنێت و تەکنەلۆجیایەک بەکاردەهێنێت تیایاندا کە ئامێرەکانی ڕادار ناتوانن بیبینن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG