Accessibility links

ئەندامانی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا داوای زانیاری زیاتر دەکەن لەسەر کوژرانی خاشقچی


ئەندامانی کۆمارییەکان و دیموکراتەکانی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا داوایان لە بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ کرد زانیاریی زیاتر بدەن لەسەر کوژرانی ڕۆژنامەنووسی سعودی جەمال خاشقچی لە ناو کونسوڵخانەی سعودیەدا لە ئیستەنبوڵ.

ئەندامانی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی سینات بە سەرۆکایەتی سیناتۆر جیم ڕیتچ نامەیەکیان نارد بۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ و تیایدا داوای زانیاری زیاتریان کرد لەسەر کوژرانی خاشقچی.

ڕیتچ لە بەیاننامەیەکدا وتی " لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی سینات پابەندە بە هەوڵەکانیەوە بۆ دەستکەوتنی هەموو ئەو زانیارییانەی لەبەردەستدان لە چوارچێوەی چاودێرییەکانیدا، لەبەر ئەم مەبەستەش کار دەکات بۆ ڕێکخستنی گەواهیدانێکی نهێنی لەبەردەم لیژنەکەدا."

جێی ئاماژەیە جەمال خاشقچی لە دووی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا لە ناو کونسوڵخانەی سعودیە لە ئیستەنبوڵ کوژرا. ئەمەش بووە هۆی توڕەبوونی ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا لە سعودیە، هۆکارێکی دیکەی توڕەبوونی ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا لە سعودیە تۆماری سعودییەیە لە بوارەکانی مافەکانی مرۆڤ قوربانییەکانی جەنگی یەمەن کە لەوێ هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی سعودیە لەدژی چەکدارانی حوثییەکانی سەر بە ئێران دەجەنگن.

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە بڕیارێکیان پەسەند کرد کە تیایدا کۆتایی بە پشتیوانییە سەربازییەکانی ئەمەریکا دەهێنێت بۆ هاوپەیمانێتییەکەی سعودیە. وابڕیارە لە ماوەی هەفتەکانی داهاتوودا ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا دەنگی لەسەر بدات.

سەرەڕای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو زۆرێک لە کۆمارییەکان داوایان لە سەرۆک ترامپ کرد وەڵامدانەوەیەکی توندی هەبێت، بەڵام ڕیتچ بە ڕۆژنامەنووسانی وت " من ڕازیم لە شێوازی وەڵامدانەوەی پرسیارەکان و پێدانی زانیارییەکان."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG