Accessibility links

ئەمەریکا سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر مزگەوت و قوتابخانەکانی ئەفغانستان دەکات


مزگەوتی سێ دۆکانی شیعەکان لە شاری مەزاری شەریف 21 ی 4 ی 2022 , ئەفغانستان
مزگەوتی سێ دۆکانی شیعەکان لە شاری مەزاری شەریف 21 ی 4 ی 2022 , ئەفغانستان

ئەمەریکا سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەمدواییانەی سەر مزگەوت و ناوەندەکانی خوێندن دەکات لە ئەفغانستان کە هاوڵاتیانی مەدەنی و خوێندکارانیان کردۆتە ئامانج.

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی " ئەمە نیگەرانییەکی گەورەیە بۆ ئێمە لە ئێستادا و لە ناوەڕاستی مانگی ڕەمەزاندا." وتیشی ئەمە " نامرۆیی و نادادپەروەرییە و جێی قبوڵکردن " نیە ئافرەت و منداڵان و هاوڵاتیانی بێ دەسەڵاتی ئەفغانی بکرێنە ئامانج.

ڕۆژی هەینی ڕابردوو بەرپرسانی تاڵیبانی ئەفغانستان وتیان بۆمبێک لەناو مزگەوتێکی قەرەباڵغدا لە هەرێمی کوندوزی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان تەقیوەتەوە و لانی کەم 33 کەس گیانیان لەدەستداوە، منداڵیشیان تێدا بووە.

تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕانەگەیاندووە، سەرەڕای ئەوەی بەرپرسان گومانیان لە چەکدارانی داعش هەیە لەپشت ئەو خوێنڕشتنەوە بووبێتن.

تەقینەوە کوشندەکە ڕۆژێک دوای ئەوە هات بۆمبێک لە مزگەوتێکی شیعەکان لە شاری مەزاری شەریفی باکووری ئەفغانستان تەقییەوە، پێش ئەوەش بە چەند ڕۆژێک هێرش کرایە سەر ناوەندی خوێندنی مومتاز و قوتابخانەی عەبدول ڕەحیم شاهید لە کابوڵ.

بەرپرسەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی تاڵیبان دەزانێت کە ئاسایشی ئەفغانستان و مافی هاوڵاتیانی بێ دەسەڵاتی ئەفغانستان کۆمەڵە بابەتێکن کە ئەمەریکا " زۆر بەجددی " وەریگرتوون. بەڵام هیچ لێدوانێکی نەدا لەسەر ئەوەی ئایا ئەمەریکا پەیوەندیی بە تاڵیبانەوە کردووە سەبارەت بە هێرشەکانی ئەمدواییانە لە ئەفغانستان یاخود نا.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG