Accessibility links

ماتیس: ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی سعودیە لە یەمەن


وەزیری بەرگری ئەمەریکا جیم ماتیس

سوپای ئەمەریکا ئاماژەی بەوەدا بەردەوام دەبێت لە یارمەتییەکانی بۆ هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی سعودیە، ئەمەش لەنێوەندی نیگەرانییەکاندا سەبارەت بە زیانەکانی جەنگ لەنێو هاوڵاتیانی مەدەنی یەمەندا.

سعودیە ڕابەرایەتی هاوپەیمانێتییەک دەکات کە ڕۆژئاوا پشتیوانی لێدەکات بۆ گەڕاندنەوەی سەرۆکی یەمەن عەبد ڕەبە مەنسور هادی بۆ سەنعای پایتەختی یەمەن، دوای ئەوەی حوثییەکان لە ساڵی 2015 دا کۆنتڕۆڵی سەنعایان کرد.

ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا چەک و زانیاری هەواڵگری دەدەن بە هاوپەیمانێتیەکە. کۆمەڵانی مافەکانی مرۆڤیش ڕەخنە لە هاوپەیمانێتییەکە دەگرن بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانیانەوە کە بۆتە هۆی کوژرانی سەدان هاوڵاتیانی مەدەنی و وێرانکردنی نەخۆشخانە و قوتابخانە و بازاڕەکان.

لەم مانگەدا بەهۆی هێرشێکی ئاسمانی هاوپەیمانێتییەکەوە دەیان منداڵ کوژران کە ئەوەش بووە هۆی توڕەبوونی بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان. سعودیەش وتی لێکۆڵینەوە لەو هێرشە دەکات.

دوای ئەم ڕووداوە وەزیری بەرگری ئەمەریکا جەنەڕاڵێکی باڵای نارد بۆ سعودیە و بە ڕۆژنامەنووسانی وت ئەمەریکا دان دەنێت بەم هەڵە کارەساتیانەوە.

وتیشی " بەردەوام دەبین لەکارکردن لەگەڵیاندا و هەوڵدەدەین ئەم کارەساتانە کەمتر ببنەوە." وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا پێی وایە یارمەتییەکانی بۆ هاوپەیمانێتییەکە یارمەتیدەر دەبن بۆ کەمبوونەوەی کوژرانی هاوڵاتیانی مەدەنی. لەو یارمەتیانەش پێدانی سوتەمەنییە بۆ فڕۆکەکانی هاوپەیمانێتییەکە و مەشق پێکردنیانە بۆ پێکانی ئامانجەکان. لە جنێڤ شارەزایانی بواری مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی سێشەممە وتیان هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانێتییەکە بە ڕابەرایەتی سعودیە بوونەتە هۆی کوژرانی ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتیانی مەدەنی و هەندێکیان دەگەنە ئاستی تاوانی جەنگ.

ماتیس وتی " ئێمە لەوێ هەوڵدەدەین کوژرانی هاوڵاتیانی مەدەنی و بێتاوان بە تەواوەتی کەم بکەینەوە."

وتیشی " ئامانجمان ئەوەیە سنوورێک دابنێین بۆ ئەم کارەساتە و بەزووترین کات شتەکان بگوازینەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG