وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند پێداچوونەوەیەکی وەزارەتەکە دەریخستووە کە لیوای ئازۆڤی ئۆکرانیا هیچ پێشێلکارییەکییان نەکردووە لە مافەکانی مرۆڤدا، ئەمەش ڕێگە خۆش دەکات لەبەردەم لیوا ئۆکرانیاییەکەدا تاوەکو چەک و مەشقە ئەمەریکاییەکان بەکاربهێنن، ئاماژەشی بەوەدا زانیارییە نادروستەکانی ڕووسیا ئامانجییان خراپ نیشاندانی ئەو لیوایەیە.
یاساکانی ئەمەریکا بەکارهێنانی یارمەتییە سەربازییەکانی ئەمەریکا لەلایەن هێزە ئاسایشییە بیانییەکانەوە قەدەغە دەکات ئەگەر ئەو هێزانە مافەکانی مرۆڤییان پێشێل کردبێت. وەزارەتەکە وتی پێداچوونەوەیەک بە لیوای هێزە تایبەتەکانی پاسەوانی نیشتیمانی 12 ی ئازۆڤی ئۆکرانیادا دەریخستووە کە ئەو لیوایە هیچ پێشێلکارییەکییان ئەنجام نەداوە و دەتوانن یارمەتییەکانی ئەمەریکا بەکاربهێنن.
وەزارەتەکە وتی " دوای پێداچوونەوەیەکی چڕ، لیوای هێزە تایبەتەکانی 12 ی ئازۆڤ لە پشکنینەکانی لیهیدا دەرچوون کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاوە ئەنجام دراون." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ یاسای لیهی.
بەپێی واشنتن پۆست کە یەکەم ڕاگەیاندن بوو بڕیارەکەی بڵاوکردەوە، ئەمە ڕێگە بە بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن دەدات ڕێوشوێنی قەدەغەکردنی بەکارهێنانی چەکە ئەمەریکاییەکان لەلایەن یەکە سەربازییەکەی ئۆکرانیاوە لاببات، کە 10 ساڵە سەپێندراوە.
وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ وتی بڕیارەکە " زۆر نەرێنییە."
یەکەی ئازۆڤ کە ڕەگ و ڕیشەی ڕاستڕەوە توندڕەو و نەتەوەپەرستەکانی هەیە، بەشێکە لە هێزەکانی پاسەوانی نیشتیمانی ئۆکرانیا و لە فەوجێکەوە دروستبوون کە لە ساڵی 2014 دا پێکهێندراوە، هەروەها شەڕییان لەگەڵ هێزە جیاخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیادا کردووە کە ڕووسیا یارمەتی ئەو هێزانەی داوە.
یەکەکە وتی چەکە ڕۆژئاواییەکان تواناکانی شەڕکردنی سەربازەکانی زیاتر دەکەن و دەبنە هۆی ڕزگارکردنی ژیانییان. هەروەها سوپاسی ئەو هەوڵانەی کرد کە دراون بۆ لابردنی قەدەغەکردنەکە سەرەڕای پڕوپاگەندەکانی ڕووسیا دژی یەکەکە.
یەکەکە سەرەتا بە بەرگریکردن لە وڵاتەکە دژی داگیرکارییەکەی ڕووسیا و بە تایبەتی بەرگریکردن لە شاری ماریوپۆڵی باشووری ئۆکرانیا ناسرا.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی " زانیارییە نادروستەکانی ڕووسیا چالاکانە کارییان کردووە بۆ خراپکردنی ناوبانگی لیوای هێزە تایبەتەکانی ئازۆڤ " و هەوڵییانداوە تێکەڵی بکەن لەگەڵ گروپێکی چەکداریی ساڵی 2014 دا کە لە ساڵی 2015 دا هەڵوەشێندراوەتەوە. وتیشی " پێکهاتەی لیوای هێزە تایبەتەکانی ئازۆڤ بە تەواوەتی جیاوازە."
پێسکۆڤ وتی " ئەم گۆڕانە لە ناکاوەی هەڵوێستی ئەمەریکا دەریدەخات کە ئەوان دەست لە هیچ شتێک ناگرنەوە لە هەوڵەکانییاندا بۆ سەرکوتکردنی ڕووسیا، ئۆکرانیا و گەلی ئۆکرانیا وەکو ئامڕازێکی ناو دەستییان بەکار دەهێنن."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
ئەمەریکا ڕێگە خۆش دەکات لەبەردەم یەکەیەکی سوپای ئۆکرانیادا تاوەکو چەکە ئەمەریکاییەکان بەکاربهێنێت